رووداو- هەولێر
پەرلەمانی عێراق بە مەبەستی تەواوکردنی کابینە وەزارییەکەی مستەفا کازمی کۆدەبێتەوە و بڕیارە دەنگ لەسەر بەربژێرانی حەوت پۆستە وەزارییە پڕنەکراوەکەی کابینەکە بدات.
لە ماوەی 30 رۆژی رابردوودا وەزارەتەکانی دەرەوە، نەوت، بازرگانی، داد، رۆشنبیری، کشتوکاڵ و کۆچ و کۆچبەران بێ وەزیر بوون، سەرۆکوەزیرانی عێراق و زۆرینەی هێزە سیاسییەکان دەیانەوێت ئەو پۆستانەش پڕبکرێنەوە.
دووان لەو حەوت وەزارەتەی کابینەکە پشکی کوردن، ئەوانیش وەزارەتەکانی دەرەوە و دادن.
پارتی دیموکراتی کوردستان د. فوئاد حوسێنی بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە بەربژێرکردووە و سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حیزبەش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هەوڵدەدەن پاڵپشتی فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو پەرلەمان بەدەستبهێنن بۆئەوەی بەربژێرەکەیان متمانەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت.
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "د. فوئاد حوسێن تاکە بەربژێری پارتییە بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە، هەوڵدەدەین لەسەر بنچینەی رێککەوتنی سیاسی بەربژێرەکەمان متمانەی پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت و لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش رێککەوتنمان هەیە و پێکەوەش لەم بوارەدا کاردەکەین".
هاوکات یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سالار عەبدولستاری بۆ پۆستی وەزارەتی داد بەربژێرکردووە. هەرێم کەمال ئاغا، پەرلەمانتاری یەکێتی لەو بارەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەنگ بە تەواوی بەربژێرەکان دەدەن، بەتایبەتی ئەگەر بەربژێرێک کورد بێت.
هەرێم کەمال ئاغا ئاماژەی بەوەشکرد، ئامانجمانە لە بەغدا دەستکەوتی نەتەوەکەمان بەدەستبهێنین، هەموو لایەنە سیاسییەکان کۆدەنگن دەبێت ئەم کابینەیە تەواوبێت و "بەربژێرەکەی ئێمەش خاوەنی رابردوویەکی باشە و پێمان وایە لایەنە سیاسییەکان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵی نییە".
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەبوایە پارتی و یەکێتی لە بابەتی ئەو دوو بەربژێرەدا پرسیان بە فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکە بکردایە.
لە کۆبوونەوەی 4-5-2020ی پەرلەماندا بۆ متمانەدان بە کابینەکەی مستەفا کازمی، بەربژێری 15 وەزارەت پەسندکرا و بەربژێرەکانی پێنج وەزارەت کە وەزارەتەکانی بازرگانی، داد، رۆشنبیری، کشتوکاڵ و کۆچ و کۆچبەران بوون رەتکرانەوە، دەنگدانیش لەسەر پۆستی وەزارەتەکانی نەوت و دەرەوە دواخرا.
رۆژی پێنجشەممە مستەفا کازمی لیستێکی نوێی ناوی بەربژێرانی بۆ پۆستی وەزیری ئەو حەوت وەزارەتەی عێراق دایە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق. سەرۆکی فراکسیۆنی بەدریش رایگەیاند، لایەنە سیاسییەکان لەسەر تەواوکردنی کابینەکەی کازمی رێککەوتوون.
.jpg&w=3840&q=75)

