مادەی هۆشبەر لەنێو پەیکەری بزن و باز هەناردەی عێراق کراوە

05-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەستگیرکردنی سێ بازرگانی مادەی هۆشبەری راگەیاند، کە پێنج کیلۆ حەشیشیان لەنێو پەیکەری بزن و باز و پەیکەری کەسایەتییەکی ئایینی شاردووەتەوە.
 
رۆژی هەینی، 5-1-2024، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "ئاسایشی نیشتمانی تۆڕێکی مادەی هۆشبەری هەڵوەشاندەوە و  ئەندامانی دەستگیر کرد، کە پێنج کیلۆ مادەی هۆشبەری لە جۆری ماریجوانایان پێبووە."
 
هەروەها ئەو دەزگایە دانپێدانانی بەشێک لەو تۆمەتبارانەشی بڵاوکردەوە، کە دان بەوەدا دەنێن لە رێگەی بازرگانێکەوە لە دەرەوەی عێراق لە چەند پەیکەرێکدا شاردبووەوە، ئەوانیش پەیکەری مەریەمی کچ "عەزرا"، لەگەڵ پەیکەری بزنێک و پەیکەری بازێک. 
 
بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە، لە کاتی هەڵکوتانە سەر ئەو بازرگانانە کە لە ماڵدا بوون، پەیکەرەکان دەشکێنن بۆ ئەوەی مادەکانی هۆشبەر بدۆزنەوە.
 
یەکێک لەو کەسانەی دەستگیرکراوە و وەکو بازرگانی مادەی هۆشبەر گوتەکانی وەردەگیرێت، لە دانپێدانەکانیدا دەڵێت، "تۆمەتەکەم بازرگانیکردنە بە مادەی هۆشبەر لە جۆری ماریجوانا، پێش ماوەی مانگێک پەیوەندییم بە بازرگانێکەوە لە دەرەوەی عێراق کرد بۆ ئەوەی مادەی هۆشبەرم بۆ بنێرێت و رێککەوتین لە نێو سێ پەیکەر یەک کیلۆم بۆ بنێرێت، پەیکەری بزن و پەیکەری مەریەمی عەزرا، پەیکەری باز، دوای ئەوە پێیگوتم بڕۆم لەرێگەی کۆمپانیاکانی گواستنەوە ئەو پەیکەرانە وەربگرم چووم وەرمگرت و بە چەند کاژێرێک کە بردمەوە بۆ ماڵەوە، ئیدی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرام و کیلۆیەک و  350 گرام لە مادەی ماریجوانام پێگیرا."
 
تۆمەتبارێکی دیکە دەڵێت، "بازرگانێک پەیوەندیی پێوەکردم و پێیگوتم سێ کیلۆ و هەندێک لە مادەی ماریجوانام بۆ دەنێرێت لەرێگەی پەیکەرەوە، پەیکەری مەریەمی عەزرا و پەیکەری بازێکەوە بووە و لە کۆمپانیایەکی گواستنەوە لە گەراج وەرمگرت، دواتر لە یەکێک لە ناوچەکانی بەغدا لە شەقام دەستگیرکرام."
 
تۆمەتباری سێیەمیش دەڵێت، ئەو و تۆمەتبار مەحموود و تۆمەتبار هانی رێککەوتن 750 گرام لە ماریجوانا بکڕن و هەریەکەیان بڕی 250 گرامی بەربکەوێت، دوای پێنج رۆژ بازرگانەکە پەیوەندیی بە مەحموودەوە کرد و پێیگوت مادەکەی بۆ ناردووە.
 
رۆژی یەکشەممە 31-12-2023، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا، ئامارەکانی ساڵی 2023ـی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە ساڵی 2023ـدا  دەیان بازرگانیان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا 140 بازرگانی نێودەوڵەتی هەن. گوتیشی، وەزارەتەکەیان 16 سەنتەری شیاندنەوەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەری هەیە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گەڕەکێکی هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

یەکەم قۆناخى سەرژمێریى عێراق خرایە کۆتایی تەممووز

گەمارۆسازی و ژمارەلێدانى خانوو، شوقە و باڵەخانەکان لە عێراق لە چوارچێوەى سەرژمێریى گشتیی دانیشتووان بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا. ئەو کارە بڕیار بوو 15ى تەممووز دەستپێبکات و دوو مانگ بخایێنێت