رووداو-هەولێر
سێ رۆژە خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان بەغدای پایتەخت و بەشێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراقی گرتووەتەوە، بەو هۆیەوە عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان، قەدەخەی هاتووچۆی لە بەغدا لە کاژێر 05:00ـی بەیانی ئەمڕۆوە تاوەکو کاتێکی نادیار راگەیاند.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی قەدەخەی هاتووچۆوە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هەنگاوە هاوکاتە لەگەڵ بەیاننامەی سەرکردە سیاسییەکان لە کۆشکی سەلام و لە پێناو پاراستنی سیستەمی گشتی و ئاسایشی ناوخۆیی و گشتی و پاراستنی خۆپیشاندەرانە لە هەندێک کەس کە خۆیان خزاندووەتە نێو خۆپیشاندانەکان و پەلاماری هێزە ئەمنییەکان و موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی دەدەن.
هێزە ئەمنییەکان رێگە بە هاتووچۆی هاووڵاتیان و گەشتیاران دەدەن بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، هەروەها ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتن و حاڵەتەکانی نەخۆشی کە پێویستی بە چارەسەری بەپەلە هەیە.
بە گوتەی عەبدولمەهدی هێزە ئەمنییەکان هەروەها رێگە بە هاتووچۆی کارمەندانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان وەک: نەخۆشخانەکان، کارەبا، ئاو و ئاوەڕ و فەرمانگەکانی دیکە لەگەڵ ئەو ئۆتۆمبێلانەشی زیارەتکارانی پارێزگاکان دەگوزانەوە جگە لە بەغدا بۆ کەربەلا نەبێت، دەدەن.
هاوکات هێمن باجەلان، ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ژمارەی کورژاو و بریندارانی خۆپیشاندانەکانی عێراق لە گۆڕاندایە، بەپێی دوایین ئاماری تیمەکانی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، لە خۆپشاندانەکانی پارێزگاکانی عێراق 10 کوژراو و 395 بریندار هەن، لە پارێزگای نەجەف دوو حاڵەتی برینداری زۆر مەترسیدار و لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەش برینداری سەخت هەن".
خۆپیشاندەران بەسەر چەند گرووپێکدا دابەشبوون و داواکاریی جیاوازیان هەیە. هەندێک لە خۆپیشاندەرانی بەغدا داوای مووچە دەکەن، بەشێکیان داوای خزمەگوزاری و هەلی کار دەکەن و بەشێکیشیان وەکو پاڵپشتییەک بۆ عەبدولوەهاب ساعدی، فەرماندەی دوورخراوەی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق رژاونەتە سەر شەقام.
باجەلان باسیشی لەوەکرد، "پێش ساڵێك هۆشداریمان دایە حکومەتی عێراق خەڵک بەگشتی داواکاری هەیە، بەتایبەت لە خۆپێشاندانەکانی بەسرا، بەڵام هۆشدارییەکان بە هێند وەرنەگیران. لە چەند مانگی سەرەتای ئەمساڵیش چەندین راپۆرتمان داوەتە حکومەتی عێراق، دیسان ئەویشیان بەهێند وەرنەگرت. بەتایبەت لە هەندێک پارێزگای باشوور، وەک سەماوە بەسرە و ناسریە دەنگی خۆپێشاندەرانیشمان گەیاندووە بە حکومەتی عێراقی، دۆخەکە وایلێهات بەم رۆژە گەیشت، کە دۆخێکی نەخوازراوە".

.jpeg&w=3840&q=75)

