رووداو - هەولێر
پێنج پرد هەردوو بەری راست و چەپی موسڵ، یان وردتر بڵێین رۆژهەڵات و رۆژئاوای موسڵ بەیەکەوە گرێدەدەن. شرۆڤەكارێكی سەربازی دەڵێت، ئەگەر داعش پردەکانی نێو موسڵ بتەقێنێتەوە، هێزە عێراقییەكان ناتوانن بپەڕنەوە ئەودیوی شارەكە و پێویستە لە میحوەری گەیارەوە هێرش بكەن.
پردی یەكەم: پردی کۆنی موسڵ، کە بە پردی ئاسنین ناسراوە، حەی نەسڕ لە رۆژهەڵاتی موسڵ بە کەلەکچی لە رۆژئاوای موسڵ دەبەستێتەوە.
پردی دووەم: پردی حورییە، گەڕەکی مالییە و نەبی یونس لە رۆژهەڵات بە شەقامی کۆڕنیش و دەواسە لە رۆژئاوای موسڵ دەبەستێتەوە.
فولکەی حورییە دەکەوێتە سەرەتای ئەم پردە لە رۆژهەڵات، لەبەرئەوە بە پردی حورییە ناودەبرێت، پێشتر پێیدەگوترا پردی فەیسەڵییە، دوای رووخانی پاشایەتیش لە عێراق بە پردی جمهووری ناونرا، دواتریش ناوی پردی حورییەی لێنرا.
ئەم پردە مانگی رابردوو، چەند رۆژێک بەر لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لەلایەن فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بۆردوومانکرا، بەهۆی ئەوەی چەکدارانی داعش بە بەردەوام بەو پردەدا ئیمداداتەکانیان لە رۆژئاوای موسڵەوە بۆ رۆژهەڵاتی موسڵ و بەرەکانی شەڕ دەگواستەوە.
پردی سێیەم: ئەم پردە غاباتی موسڵ لە رۆژهەڵاتەوە بە گەڕەکەکانی رەفاعی و زەنجەلی لەبەری رۆژئاوا دەبەستێتەوە.
پردی چوارەم: گەڕەکی حەی زوبات لە رۆژهەڵات بە گەڕەکی دندان و تەیەران لە رۆژئاوای شار دەبەستێتەوە.
پردی پێنجەم: ئەم پردە گەڕەکەکانی ئەندازیاران و رۆشنبیری لە رۆژهەڵاتی موسڵ بە گەڕەکەکانی زەنجەلی کۆلێژی پزیشکی و نەخۆشخانەی کۆماری و گەڕەکی نەبی جەرجیس لە رۆژئاوای موسڵ دەبەستێتەوە.
محەممەد ئیبراهیم، شرۆڤەکاری سەربازی لەكاتی بەشداریکردنی لە گەشتێكی هەواڵەکانی رووداو لەبارەی ئۆپەراسیۆنی موسڵ و پێشڕەوییەکانی سوپای عێراق رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەكە بە باشی دەچێتە پێشەوە، بەڵام ئاستەنگیش هەیە.
محەممەد ئیبراهیم گوتی "ئەگەر داعش پردەکانی نێو موسڵ بتەقێنێتەوە، هێزە عێراقییەکان ناتوانن بپەڕنەوە ئەودیوی موسڵ و دەبێت لە قۆڵی گەیارەوە بڕۆنە پێشەوە، پێشڕەویکردنیش لەو میحوەرە ماوەیەکە سستبووە".



