رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئەمرۆ هەینی جێگری وەزیرانی دەرەوەی ئێران، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە جنێڤ کۆببنەوە. وەزیرانی دەرەوە گفتوگۆ لەسەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و پرسەکانی ناوچەکە دەکەن.
مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری سیاسی لە دانوستاندنەکانی ئەمڕۆدا نوێنەرایەتی تاران دەکات، هەروەها کازم غەریبابادی، بریکاری یاسایی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە کۆبوونەوەکەدا ئامادە دەبێت.
دوێنێ شەویش ئینریک مۆرا، جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە شاری جنێڤی سویسرا لەگەڵ ئەندامانی شاندی ئێران کۆبوویەوە.
ئینریک مۆرا، لەبارەی کۆبوونەوەکە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەگەڵ مەجید تەخت رەوانچی، جێگری وەزیری دەرەوە و کازم غەریبابادی، بریکاری یاسایی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گفتوگۆی ئەرێنییان کردووە.
مورا دەڵێت، لە دیدارەکەدا باسیان لە "هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران بۆ رووسیا و پێویستی وەستاندنی ئەو هاوکارییانەیان کردووە". هەروەها باسیان لە ئاڵۆزییەکانی ئێستای رۆژئاوای ئاسیا و گرینگی رێگریی لە پەرەسەندنی گرژییەکان و هەروەها پرسی مافی مرۆڤ کردووە.
سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمیی ئێرانیش، جێگری بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە "پرسی ئەتۆمی ئێران پێویستی بە چارەسەری دیپلۆماسی هەیە."
کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە نێوان ئێران و سێ وڵاتی ئەورووپی لە کاتێکدایە، هەفتەیەک پێش ئێستا ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی لە دژی ئێران پەسند کرد، کە سەرکۆنەی زیادکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە و هاوکارینەکردنی پێویستی تاران لەگەڵ ئاژانسەکە دەکات.
بەڕێوەچوونی دانوستاندنی ئەتۆمیی لە کاتێکدایە، کەمتر لە دوو مانگی دیکە دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی و تاران بە دووری نازانێت، ئیدارەی نوێی ئەمریکا گوشارەکانی بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاتر بکات.
رۆژی 21-11-2024، ئەنجوومەنی دادوەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بڕیارنامەیەکی لە دژی ئێران پەسند کرد.
بەگوێرەی بڕیارنامەکە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوا لە ئێران دەکات زانیاریی تەواو لەبارەی شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێندراو لە هەردوو بنکەی ئەتۆمیی فۆردو و نەتەنز بدات کە "شوێنەواری یۆرانیۆمی پیتێندراوی بە رێژەی 83٪ لەو دوو بنکەیە دۆزراوەتەوە."
هەروەها داوا لە بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکەش کراوە، راپۆرتێکی گشتگیر سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران ئامادە بکات.
کۆماری ئیسلامیی ئێران لە وەڵامی بڕیارنامەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاند، کۆمەڵە سانتریفیوجێکی نوێ و پێشکەوتوو بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم دەخاتەگەڕ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ