رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێت، جەنگ کۆتایی نەهاتووە و سوپای پاسداران خۆی بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادە کردووە.
حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی کە ئەمڕۆ دووشەممە، 21ی ئەیلوولی 2026 بڵاوکرایەوە، باسی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا، دۆخی تەنگەی هورمز و ئەگەری هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران کرد.
گوتەبێژی سوپای پاسداران رایگەیاند: "لە روانگەی ئێمەوە جەنگ قۆناخی جیاوازی هەیە، بەڵام جەنگەکە هەر هەمان جەنگە و کۆتایی نەهاتووە."
حوسێن موحیبی گوتی: "سوپای پاسداران خۆی بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادە کردووە. هەرچەندە سوپای پاسداران لە رابردوویشدا ئامادە بووە، بەڵام ئێستا بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادەترە. ئەمەش قۆناخێکی نوێ نییە، بەڵام ئەگەر لە داهاتوودا رووبەڕووی هێرشێکی قورسی نوێ ببینەوە، بێگومان ئامادەییمان هەیە و بەرگری دەکەین."
گوتەبێژی سوپای پاسداران لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سرووشتی جەنگی نوێ و ئەگەری هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران دەڵێت: "ئەگەر هێرشێکی نوێ بکرێتە سەرمان، بێگومان گۆڕانکاریی بەرچاو لە بەرگری و هێرشی پێچەوانەی ئێمەدا دەبێت. ئەو گۆڕانکارییانەش بریتین لە گۆڕینی جوگرافیای جەنگ. ئێمە بێگومان جوگرافیای جەنگەکە دەگۆڕین."
حوسێن موحیبی دەشڵێت: "گۆڕانکاری لەو چەک و کەرەستە سەربازییانەیشدا دەبێت کە بەکاریان دەهێنین. بێگومان چەکی نوێ بە توانای نوێوە دەهێنینە نێو گۆڕەپانی جەنگەوە کە جیهان سەرسام دەکات. هەروەها ئامانجەکانمان جیاواز دەبن. ئامانجەکانمان چیدیکە تەنیا ئامانجەکانی پێشوو نابن، بەڵکو ئامانجی نوێمان هەیە کە هێشتا هێرشیان نەکراوەتە سەر و لە ئەگەری هەر هێرشێکدا، لەو ئامانجه نوێیانە دەدەین."
گوتەبێژی سوپای پاسداران گوتی: "ئێمە لە ماوەی جەنگەکە و لە رابردوویشدا چەندین جۆری چەکمان بەرهەمهێناوە و رۆژانە تواناکان بەرز دەکەینەوە، کە لە قۆناخەکانی پێشووی جەنگدا بەکارمان نەهێناون. ئەوانە چەکە ستراتیژییەکانی ئێمەن و ئەگەر پێویست بکات بەکاردەهێنرێن و جیهان ئەو کاتە دەبینێت چی روودەدات."
موحیبی هۆشداری دەداتە ئەمریکا کە ئەگەر دەست لە هەنگاوەکانی بەرامبەر ئێران هەڵنەگرێت، ئێران جەنگە ناوچەییەکە فراوانتر دەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ئاماژەی بە هەوڵی ئەمریکا بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز کرد و رایگەیاند: "یەکێک لە گۆڕەپانەکانی شکستی ئەمریکا، شکستهێنانیەتی لە کردنەوەی تەنگەی هورمز. ئەمریکا سەرەڕای ئەوەی خاوەنی گەورەترین هێزی دەریایی جیهانە و سەرەڕای ئەوەی هۆکاری ئامادەبوونی خۆی لە ناوچەکە و جیهاندا بە دابینکردنی ئاسایشی وزە و هەروەها ئازادیی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی پێناسە دەکات، بەڵام لەم جەنگەدا دەرکەوت کە ئەمریکا توانای کردنەوەی تەنگەکەی نەبوو و لەم بابەتەدا شکستی هێنا."
سەبارەت بە هۆکاری داخرانی تەنگەی هورمزیش، حوسێن موحیبی دەڵێت: "هۆکاری داخرانی تەنگەی هورمز و دروستبوونی سنووردارێتی بۆ کەشتیوانی لە تەنگەکەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران نییە، بەڵکو ئەمریکایە، چونکە پێش جەنگ و پێش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، ئەو تەنگەیە کراوە بوو، بەڵام بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، تەنگەکە داخرا."


