رووداو دیجیتاڵ
کۆمەڵەی کوردانی نیشتەجێی تاران لە نامەیەکدا بۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، داوا دەکات لێژنەیەکی پسپۆڕ بۆ تاوتوێکردن و دامەزراندنی ئەکادیمیای مێژوو، زمان و ئەدەبی کوردی پێکبهێندرێ.
جەمالەدین تەها، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەی کوردانی نیشتەجێی تاران لە نامەکەیدا بۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی غولامعەلی حەداد عادل، سەرۆکی ئەکادیمیای زمان و ئەدەبی فارسی کردووە کە باس لە دامەزراندنی ئەکادیمیای مێژوو، زمان و ئەدەبی تورکی) لە تەورێز دەکات و نووسیویەتی: "ئەم هەنگاوە هێژایە، لە پاڵ رێزگرتنی تەواو لە زمان و کولتووری دەوڵەمەندی ئازەربایجان، دەرفەتێکی گونجاویش دەڕەخسێنێت بۆ خستنەڕووی داواکارییەکی گرنگی کولتووری. ئەگەر زمان و ئەدەبی تورکی شایستەی دامەزراندنی دەزگایەکی تایبەت بێت بۆ توێژینەوە، پاراستن و گەشەپێدان، ئایا زمان و ئەدەبی کوردی بەو پێشینە مێژووییە، پانتاییە کولتوورییە و کەلەپوورە مەزنە نووسراو و زارەکییەی خۆیەوە، شایستەی هەبوونی دامەزراوەیەکی زانستی و تایبەت نییە؟"
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەی کوردانی نیشتەجێی تاران پێشنیازی دامەزراندنی (ئەکادیمیای مێژوو، زمان و ئەدەبی کوردی) ئاراستەی پزیشکیان دەکات و دەڵێت: "داوا لە بەڕێزتان دەکرێ فەرمان بکەن لێژنەیەکی هاوبەش لە نوێنەرانی دامەزراوە کولتوورییەکانی وڵات و مامۆستایان و خاوەن رایانی بواری مێژوو، زمان و ئەدەبی کوردی پێکبهێندرێ، تاوەکو بابەتی دامەزراندنی ئەم ئەکادیمیایە بەپێی گرنگی و لەپێشینەیی کولتووری، تاوتوێ بکرێ."
له بەشێکی نامەکەدا هاتووە کە ئەم دامەزراوەیە دەتوانێت بە ئامادەبوونی مامۆستایانی زانکۆ، زمانناسان، مێژوونووسان، ئەدیبان، نووسەران و توێژەرانی خاوەن را، بەرپرسیارێتیی لێکۆڵینەوە، تۆمارکردن، پاراستن و ناساندنی کەلەپووری مێژوویی و ئەدەبیی کورد بگرێتە ئەستۆ.
جەمالەدین تەها بە هێنانەوەی ناوی چەندین کەسایەتی وەک مەولەوی، نالی، مەحوی، وەفایی، هێمن، هەژار، قانع، مەزهەری خالقی، حەسەن زیرەک و دەیان شاعیر، نووسەر، توێژەر و هونەرمەندی دیکە جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم کەسایەتییانە بەشێکن لە گەنجینە کولتوورییەکە.
هەر لەو نامەیەدا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەی کوردانی نیشتەجێی تاران ئاماژەی بە ئەرک و فەرمانەکانی ئەم ئەکادیمیایە کردووە و رایگەیاندووە کە دەتوانێت کار لەسەر ئەم تەوەرانەی خوارەوە بکات:
-توێژینەوەی زانستی سەبارەت بە مێژوو، رەگ و گۆڕانکارییەکانی زمانی کوردی و پێگەی لەناو خێزانی زمانە ئێرانییەکاندا.
-کۆکردنەوە، تۆمارکردن، ساخکردنەوە و بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نووسراو و دەستنووسە بەپێزەکان.
-دروستکردنی ئەرشیڤی نیشتمانیی بەرهەمە دەنگی، بینراو و نووسراوەکانی پەیوەندیدار بە زمان و کولتووری کوردی.
-تۆمارکردن و پاراستنی ئەدەبیاتی زارەکی، چیرۆک، ئەفسانە، پەندی پێشینیان، نەریت و گۆرانییەکان.
-ناسینەوە و تۆمارکردنی دیالێکت و شێوەزارە جیاوازەکانی زمانی کوردی.
-پشتگیریکردنی توێژینەوە زانکۆییەکان و لێکۆڵینەوە پسپۆڕییەکان.
-پشتگیریکردنی توێژینەوە زانکۆییەکان و لێکۆڵینەوە پسپۆڕییەکان.
-ئامادەکردنی ئینسایکلۆپیدیا، فەرهەنگ و سەرچاوە زانستییەکان دەربارەی مێژوو و کولتووری کورد.
-ناساندنی شاعیران، نووسەران، بیرمەندان و هونەرمەندانی دیاری کورد و پاراستنی بەرهەمەکانیان.
-لێکۆڵینەوە لەسەر پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانی زمانی کوردی لەگەڵ فارسی و زمانە ئێرانییەکانی دیکە.
-ناساندنی کەلەپووری ئەدەبی و کولتووریی کوردستانی ئێران لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی.


