رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی قەرارگەی ناوچەیی باکووری رۆژئاوای هێزی زەوینیی ئەرتەشی ئێران دەڵێت، لە سەردەشتەوە تاوەکو ئاستارا (لە پارێزگای گیلان)، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو سیناریۆیەک پلانە بەرگرییەکان لەڕووی تاکتیکی، تەکنیکی و سەربازییەوە داڕێژراون و بۆ دروستکردنی پێگەی سەربازی و بەرزکردنەوەی ئامادەیی سەربازیی هێزەکانیش، پلانی پێویست دانراوە.
رۆژی دووشەممە، 21ی ئەیلوولی 2026، ئەمیر حوسێن شەفیعی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاماژەی بە ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە باکووری رۆژاوای ئەو وڵاتە کرد و رایگەیاند: "بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر مەترسی، توانا، شێواز و ئامرازێکی جیاوازی دووژمن، بەپێی ئەزموونەکانی شەڕی 8 ساڵە و جەنگی 12 رۆژە و 40 رۆژە، پلانە سەربازییە پێویستەکان پێشبینی کراون و ئامادەکاریی پێویست بۆ ئەم مەبەستە کراوە."
فەرماندەی قەرارگەی ناوچەیی باکووری رۆژئاوای هێزی زەوینیی ئەرتەشی ئێران ئاماژەی بە ئەزموونەکانی شەڕی نێوان ئێران و عێراق و ئەزموونەکانی بەرەی مقاوەمە دەکات: "ناسین و تێگەیشتنی ورد لە هەڕەشەکان و دووژمن، بووەتە بنەمای داڕشتنی مەشقەکان، دابینکردنی چەک و کەرەستەکان و شێوازە سەربازییەکانی هێزە چەکدارەکان؛ لەم رێگەیەشدا سوودوەرگرتن لە توانای زانکۆکان و پەرەپێدانی تەکنەلۆژیا و کەرەستەی سەربازی گرنگییەکی تایبەتی پێدراوە."
ئەمیر حوسێن شەفیعی تیشکی خستەسەر گۆڕانکاری لە پێکهاتەی یەکەکانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامیی ئێران و رایگەیاند: "یەکەکانی ئەرتەش هاوتەریب لەگەڵ ئەرکە نوێیەکانیان، لەڕووی مەشق، کەرەستە، تاکتیک و تەکنیکەوە گۆڕانکاریی ریشەیییان بەسەردا هاتووە؛ ئەمڕۆش یەکەکانی پەرچەکرداری خێرا و هێرشبەری گەڕۆک، بەشێکن لەم پێکهاتە نوێیەی ئەرتەش."
شەفیعی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، ئەرتەشی ئێران بەرەو بەدەستهێنانی تەواوی تایبەتمەندییەکانی ئەرتەشێکی پرۆفیشناڵ هەنگاو دەنێت و توانای گواستنەوەی خێرای یەکەکان، چەک و تەقەمەنییەکان، بەشێکە لەم ئامادەییە.
فەرماندەی قەرارگەی ناوچەیی باکووری رۆژئاوای هێزی زەوینیی ئەرتەشی ئێران جەختی لەسەر گرنگیی ئەزموونەکانی جەنگی 12 و 40 رۆژە و پێویستیی پێداچوونەوە بە شێوازە بەرگرییەکاندا کردەوە و گوتی: "سیناریۆ بەرگرییەکانی ناوچەی باکووری رۆژئاوا بەپێی ئەزموونی شەڕەکانی رابردوو و بەتایبەتی جەنگی 12 رۆژە، پێداچوونەوەیان بۆ کراوە و هاوتەریب لەگەڵ هەڕەشە ئەگەرییەکان، ئامادەکاریی پێویست بۆ جەنگێکی نوێ کراوە.


