رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئەکاونتێکی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێرانی کە بە زمانی عیبری بوو، راگرت.
ئەمڕۆ دووشەممە 28ی تشرینی یەکەمی 2024، میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ئەکاونتی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس شەوی رابردوو تەنیا یەک رۆژ دوای کردنەوەی، راگیراوە.
یەکشەممە 27/10/2024 هەژمارەکە بەشێک لە قسەکانی خامنەیی، بە زمانی عیبری بڵاوکردبووە کە تێیدا هاتبوو: "رژێمی زایۆنی جووڵەیەکی هەڵەی کرد، بەرپرسان دەبێت کوالێتی تێگەیاندنی هێز و ئیرادەی گەلی ئێران بە رژێمی زایۆنی دەستنیشان بکەن و ئەوەی لە بەرژەوەندیی ئەم گەل و وڵاتەیە بیکەن".
تاوەکو ئێستا ئێکس روونکردنەوەی لەبارەی راگرتنی هەژمارەکەوە نەداوە.
بەرەبەیانیی رۆژی شەممە 26ـی تشرینی یەکەم سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە وەڵامی چەند مانگێک هێرشی بەردەوامی رژێمی ئێران دژی دەوڵەتی ئیسرائیل، لەم کاتەدا بەرگریی ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی ورد دەکاتە سەر هەندێ ئامانجی سەربازی لەنێو ئێران دا.
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بەرگریی ئاسمانیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتبوو: ''سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، هێرشیکردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام.''
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە ''سەرکەوتوو'' بووە و زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە، کە قەبارەیان لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
تائێستا کوژرانی چوار لە ئەندامانی سوپای کۆماری ئیسلامیی ئێران و کەسێکی سڤیل بەهۆی هێرشەکەوە بە فەرمی راگەیێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ