رووداو دیجیتاڵ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران پێش دەستپێکردنی گەشتەکەی بۆ نیویۆرک رایگەیاند، دەیانەوێت لە رێگەی گەمارۆدان و داخستنی رێگە زەوینی و ئاسمانییەکانەوە، ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکەن. راشیگەیاند، ئەمریکا زۆر بە ئاسانی رێککەوتنی نێوانیانی پێشێل کردووە.
رۆژی سێشەممە، 22ـی ئەیلوولی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە تاران، پێش بەڕێکەوتنی بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک گوتی: "دووژمنان تاوەکو ئەو شوێنەی بتوانن رێگەکان دادەخەن بۆ ئەوەی گەلی ئێران ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکەن، چونکە نەیانتوانی لە رێگەی سەربازییەوە بگەنە ئامانجەکانیان."
پزیشکیان روونیکردەوە، دژبەرانی ئێران، بەتایبەت ئەمریکا هەوڵ دەدەن لە رێگەی دروستکردنی کێشە، داخستنی رێگە زەوینی و ئاسمانییەکان، نانەوەی ناکۆکیی ناوخۆیی و بەکارهێنانی میدیا و پێکهاتە ئەتنیکییەکانەوە، زۆرترین کەڵک لە خاڵە لاوازەکان وەربگرن بۆ ئەوەی وڵاتەکە لە ناوخۆوە بەرەو لاوازی بەرن، "بەڵام پشتیوان بە خودا، بە رێبەرایەتیی رێبەری ئازیزمان و بەو یەکڕیزییەی هەمانە، هەموو ئەمانە نائومێد دەکەین."
سەبارەت بە دۆسیەی دانوستاندنە ئەتۆمی و نێودەوڵەتییەکان، سەرۆککۆماری ئێران رەخنەی تووندی لە ئەمریکای گرت و گوتی: "ئێمە چەندین جار لەسەر مێزی دانوستاندن بووین و رێککەوتنێکمان واژۆ کرد. سەرەڕای ئەوەی کە واژۆمان کرد و لە دانوستاندندا بووین، بەڵام بەداخەوە هەموو جیهان بینییان کە ئەوان زۆر بە ئاسانی لێکتێگەیشتنەکەیان پێشێل کرد و ژێرپێیان نا."
پزیشکیان ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیدا لەسەر "بێدەرەتانی و مەزڵوومییەتی گەلی ئێران، تاوانەکانی دووژمنان و ئەو بێمتمانەییەی کە دروستیان کردووە" قسە دەکات و داکۆکییەکی بەهێز لە هەڵوێستەکانی تاران دەکات.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسعود پزیشکیان باسی لە "خۆڕاگری" گەل و هێزە چەکدارەکانی ئێران کرد کە بە گوتەی ئەو لە جەنگەکاندا سەختیی زۆریان چەشتووە و بە سەربەرزی لێی هاتوونەتە دەرەوە، راشیگەیاند: "بە هێزەوە بە دووژمنانمان رادەگەیێنین کە سەرەڕای هەموو ناجوامێری و ستەمێک، گەلی ئێران خۆڕاگرە و ئێمەش تاوەکو دوا دڵۆپی خوێن لەپێناو گەل، وڵات و بیروباوەڕەکانماندا دەوەستین."
سەردانی پزیشکیان بۆ نیویۆرک لە کاتێکدایە، ئەمریکا ڤیزەی نەداوە بە بەشێک لە ئەندامانی شاندەکەی پزیشکیان، لەنێویاندا تیمی پەیوەندییەکان و راگەیاندنەکەی.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دوای سەردانی قەتەر، شەوی دووشەممە گەیشتە نیویۆرک و لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بەشدار دەبێت.


