وردەکاریی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران

دوێنێ کاژێر 02:20
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئیسرائیل ‌هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر چەند پێگەیەکی نێو ئێران.
 
کاژێر 02:30 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا گوتی، هێرشێکی وردی کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی سەربازی لەنێو ئێران.
 
دەستەی پەخشی ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکەی ئیسرائیل بە سێ گەڕ ئەنجامدراوە.
 
چەند بەرپرسێکی ئیسرائیلیش بە میدیای ئەمریکییان راگەیاندووە، 20 ئامانج لەنێو ئێراندا پێکراون.
 
کاژێر 06:00 دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل کۆتاییهێنانی هیرشەکەی راگەیاند و گوتی، "دەتوانم ئەوە رابگەیێنم کە ئێمە کۆتاییمان بە وەڵامی ئیسرائیل بۆ هێرشەکانی ئێران دژی ئیسرائیل هێنا."
 
ئیسرائیل کوێ و چ شتێکی لە ئێران کردە ئامانج؟
 
دوای هێرشە مووشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە 1ی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل هەڕەشەی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی کرد.
 
لەبارەی شێوازی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل، میدیای ئەمریکی ئەو کاتە باسی لەوە کرد، ئیسرائیل دەیەوێت هێرش بکاتە سەر بنکەی ئەتۆمییەکانی ئێران و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی نەوت لەو وڵاتە.
 
بەڵام ئەمریکا لەگەڵ ئەوەدا نەبوو ئەو ئامانجانە بۆردوومان بکرێن.
 
دوو بەرپرسی ئیسرائیلی بە میدیای ئەمریکییان راگەیاند، ئەمریکا گوشاری لە ئیسرائیل کردووە کە دامەزراوە سەربازییەکان بکاتە ئامانج، لەبری دامەزراوە ئەتۆمییەکان و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی وزە.
 
ئەنجامەکەش هەر بەو جۆرە بوو؛ سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ لەبارەی هێرشەکەوە بڵاویکردەوە، "لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری، فڕۆکەکان چەند دامەزراوەیەکی دروستکردنی ئەو مووشەکانەیان کردە ئامانج کە ساڵی رابردوو بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاریهێنان."
 
سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، هێرشی کردووەتە سەر سیستمە بەرگری و شوێنی بەرهەمهێنانی مووشەکییە ئاسمانییەکانی ئێران.
 
دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، بارەگای بەرگریی ئاسمانیی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، "سەرەڕای هۆشداریی پێشووی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی بە رژێمی تاوانکار و نایاسایی زایۆنی بۆ دوورکەوتنەوە لە هەر کردەوەیەکی شەڕفرۆشانە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی کردە سەر بەشێک لە ناوەندە سەربازییەکانی پارێزگاکانی تاران، خوزستان و ئیلام."
 
لە راگەیێندراوەکەدا باس لەوەش کراوە، بەرپەرچدانەوەی هێرشەکەی سوپای ئیسرائیل لەلایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکە "سەرکەوتوو" بوو، زیانێکی کەم و سنووردار بە هەندێک شوێن کەوتووە کە قەبارەکەی لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای کۆتاییهاتنی هێرشەکە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە "سەرکەوتوو بووە" و ئەو فڕۆکانەی هێرشەکەیان کرد، گەڕاونەتەوە بنکەی سەربازیی خۆیان.
 
ئێران و ئیسرائیل بۆچی گەیشتنە ئەو خاڵە؟
 
چەندین دەیەیە ئێران و ئیسرائیل ململانێ لەنێوانیاندا هەیە. ئیسرائیل ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە رێگەی گرووپە بەوەکالەتەکانی لە ناوچەکەدا هێرش دەکات سەر بەرژەوەندییەکانی تەلئەڤیڤ.
 
ئیسرائیل چەندین جار رایگەیاندووە، رێگە بە ئێران نادات دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
 
ئێرانیش چەندین جار ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کردووە کە لەپشت تیرۆرکردنی زانا ئەتۆمییەکانی ئێرانە و هێرشی سایبەری دەکاتە سەر ئێران.
 
دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023، ململانێی نێوان ئێران و ئیسرائیل چووە قۆناخێکی نوێ.
 
لە نیسانی ئەم ساڵ، ئێران بە ژمارەیەک درۆن و مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقی سووریا و سێ فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانی کوشت.
 
لە 31ی هەمان مانگ ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی پێشووی مەکتەبی سیاسیی حەماس لە تاران کوژرا. ئەو رووداوانە توڕەیی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا و بەرپرسانی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەیان کرد.
 
رۆژی 1ی ئۆکتۆبەر، سوپای پاسدارانی ئێران بە ژمارەیەک مووشەکی بالیستی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و ئاماژەی بەوەش کرد، هێرشەکەی لە تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە بووە.
 
هەڵوێستی ئەمریکا چییە؟
 
رۆژی 2ی ئەم مانگە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پاڵپشتی لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران ناکات.
 
دوای هێرشەکە، کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت هێرشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بووەستن.
 
هەر ئەمڕۆ شۆن سیڤیت، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن گوتی، "داوا لە ئێران دەکەین هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل بوەستێنێت بۆ ئەوەی ئەو زنجیرەی هێرش و هێرشکارییەی هەیە بەبێ تێکچوونی دۆخەکە کۆتایی بێت."
 
سیڤیت لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران گوتی، "وەڵامەکەی ئیسرائیل لە چوارچێوەی بەرگری لەخۆکردن بوو. ئیسرائیل خۆی لە هێرشکردنە سەر ناوچە سڤیلنشینەکان بەدوور گرت و ئامانجی بوو هێرش بکاتە سەر پێگە سەربازییەکان."
 
سیڤیت رەتیکردەوە ئەمریکا بەشداری لە هێرشەکەدا کردبێت و گوتی، "ئامانجی ئێمە ئەوەیە دیبلۆماسی بەرەوپێشەوە ببەین و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هێور بکەینەوە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ساتی بەڕێکەوتنی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ بۆردوومانی ئێران

دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بەهای بۆرسەی تاران هەزاران خاڵ بەرزبووەوە

تاوەکو پێش هێرشەکەی بەرەبەیانی رۆژی شەممەی ئیسرائیل، یەک دۆلار بە زیاتر لە 69 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا، بەڵام بەپێی میدیا نێوخۆییەکانی ئێران لەبەرئەوەی کە هێرشەکان سنووردابوون. بە گوتەی بەرپرسانی ئێرانی زیانی ئەوتۆی بەدوای خۆیدا نەهێناوە، بازاڕەکان لە ئێران بەرزبوونەوەیان بەخۆوە بینیوە.