رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی سووریا و دیاریکردنی چارەنووس و بڕیاردان لەلایەن گەلی سووریایە، بەبێ دەستوەردانی دەرەکی.
دووشەممە، 23-12-2024، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: "گرنگە سووریا نەبێتە شوێنێک بۆ گەشەکردنی تیرۆر و پێویستە هەموو وڵاتان بگەنە ئەو بڕوایەی کە بوونی نائارامی لە وڵاتانی ناوچەکەدا بۆ وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش تەشەنە دەکات".
بەقائی گوتی، ئەوەی بۆ ئەوان گرنگە "پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی سووریا و دیاریکردنی چارەنووس و بڕیاردان لەلایەن گەلی سووریایە بەبێ دەستوەردانی دەرەکی." گوتیشی: "گرنگە ئەو لایەنانەی بەشدارن لە پێشهاتەکانی سووریادا، بە کردەوە پابەندی ئەم بابەتە بن".
سەبارەت بە پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا، بەقائی گوتی: "پێشتر لەگەڵ بەشێک لە گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن پەیوەندیمان هەبووە، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی راستەوخۆمان لەگەڵ دەسەڵاتی ئێستای سووریا نەبووە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە هاووڵاتیانی ئێران کرد، بەهۆی ئەو پێشهاتانەی لە سووریا روویانداوە، سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن.
ئێران بەوە تۆمەتبار دەکرێت، کە پاڵپشتی هێزە بە وەکالەتەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی دەکات، بە تایبەتی لە سووریا، لوبنان، عێراق و یەمەن، بەڵام بەقائی دەڵێت: "ئێمە نە هێزی بە وەکالەتمان هەیە و نە پێویستمان بەوەیە هێزی بەوەکالەتمان هەبێت، ئێران ئێرانە".
بەگوتەی بەقائی، چوونی هێزەکانی ئێران بۆ سووریا لە چەند ساڵی رابردوو تەنیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە بووە، بۆ ئەوەی نەگەنە وڵاتانی ناوچەکە. دەشڵێت: "هاوکاریش بووین لە بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسیی لە سووریا".
رۆژی 8-12- 2024، گرووپە چەکدارەکانی سووریا بە سەرکردایەتیی دەستەی تەحریری شام، دیمەشقی پایتەختییان کۆنترۆڵکرد و کۆتاییان بە حوکمی 53 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا، لەکاتێکدا رووسیا و ئێران دوو پاڵپشتیکاریی گەورەی رژێمەکەی بەشار ئەسەد بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ