رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سوپای پاسداران دەڵێت، لە ئەگەری گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ یاداشتی لێکتێگەیشتن، تەنگەی هورمز دەکرێتەوە؛ هەڕەشەش دەکات، ئەگەر ئەمریکا مەرجەکانی ئێران قبووڵ نەکات، ''بە هیچ شێوەیەک'' رێڕەوە ئاوییەکە ناکەنەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-08-2026، حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران سەبارەت بە ئەگەری کردنەوەی تەنگەی هورمز رایگەیاند: ''پێویستە سەرەتا ئەمریکا سەرجەم مەرجەکانی ئێران قبووڵ بکات و بگەڕێتەوە سەر یاداشتی لێکتێگەیشتن.''
بەگوتەی حوسێن موحیبی، ئەگەر واشنتن نەگەڕێتەوە سەر دەقی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد کە 18ـی ئایار لەنێوان دوو وڵاتەکە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کراوە، ئەوە ''بە هیچ شێوەیەک'' رێگە بە تێپەڕینی کەشتەییە بازرگانییەکان بە تەنگەی هورمزدا نادرێت، ''چونکە تەنیا لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکەدا، ئەگەری کردنەوەی رێڕەوە ئاوییەکە هەیە.''
زیاتر لە یەک مانگە، عومان و ئێران وەک دوو وڵاتی کەناراوی، لەسەر دیاریکردنی ''رێڕەوێکی پارێزراو'' بۆ هاتووچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز لە گفتوگۆدان. گوتەبێژی سوپای پاسداران گوتی، مەسقەت و تاران لە دانوستاندنەکاندا گەیشتوونەتە هەندێک لێکتێگەیشتنی هاوبەش، ''بەڵام دەستوەردانەکانی ئەمریکا رێگر بووە لە رێککەوتنی کۆتایی.''
لە رۆژانی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەرپرسانی وڵاتەکە رایانگەیاندووە، تەنگەی هورمز لە مینە چێندراوەکان پاککراوەتەوە و لە کۆنترۆڵی ئێراندا نەماوە.
حوسێن موحیبی رەتیدەکاتەوە کۆنترۆڵی رێڕەوە ئاوییەکەیان لەدەستدابێت و دەڵێت: ''کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لانیکەم 400 کیلۆمەتر لە تەنگەی هورمز دوورن و هیچ کەشتییەک ناتوانێت بەبێ رەزامەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیدا تێبپەڕێت.''
قسەکانی گوتەبێژی سوپای پاسداران لەکاتێکدان رۆژی دووشەممە 24ـی ئاب، سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، ژمارەیەک سزای نوێیان بەسەر تاراندا سەپاندووە و دەستیان بە سیاسەتی ''هیچ لێبووردنێک'' بەرامبەر ئەو وڵاتە کردووە.
هاوکات سەرۆکی ئەمریکا گوتی، هەموو مینەکانیان لە تەنگەی هورمز هەڵگرتوونەتەوە یان تەقاندوویاننەتەوە، لە رێگەی هێزی بۆشایی ئاسمانەوە چاودێریی رێڕەوە ئاوییەکە دەکەن.



.jpg&w=3840&q=75)