رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نیشتمانیی دابەشکردنی پێکهاتەکانی نەوت لە ئێران رایگەیاند، دابەشکردنی رۆژانەی بەنزین زیادیکردووە و لە 137 ملیۆن لیترەوە گەیشتووەتە 150 ملیۆن لیتر؛ دڵنیاییش دەداتە خەڵک کە ''هیچ نیگەرانییەک بۆ دابینکردنی بەنزین لەئارادا نییە.''
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-08-2026، کەرامەت وەیس کەرەمی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نیشتمانیی ئێران بۆ دابەشکردنی پێکهاتەکانی نەوت بە میدیای وڵاتەکەی رایگەیاند: ''ئەو بانگەشەیەی لە میدیاکان سەبارەت بە کورتهێنانی بەنزین بڵاودەکرێتەوە، راست نییە و بێبنەمایە.''
بەگوتەی کەرامەت وەیس کەرەمی، تێکڕای دابەشکردنی بەنزینی رۆژانە لە سێ رۆژی رابردوودا گەیشتووەتە 145 ملیۆن لیتر و بەروارد بە رۆژانی پێشووی خۆی، نزیکەی حەوت ملیۆن لیتر زیادیکردووە.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نیشتمانیی دابەشکردنی پێکهاتەکانی نەوتی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، تەنیا دوێنێ سێشەممە، 150 ملیۆن لیتر بەنزینیان لە سەرانسەری وڵاتەکە دابەشکردووە.
کەرامەت وەیس کەرەمی داوا لە خەڵک دەکات، تەنیا کاتێک سەردانی بەنزینخانەکان بکەن کە تانکیی ئۆتۆمبێلەکانیان خەریکە بەتاڵ دەبێت، ''چونکە بەنزین بە شێوەیەکی بەردەوام و جێگیر دابین دەکرێ و هیچ قەیرانێک لە ئارادا نییە.''
لە سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە کە 28ـی شوباتی ئەم ساڵ دەستیپێکرد، بەهۆی بۆردوومانی ژمارەیەک لە پاڵاوگەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، وڵاتەکە تووشی کورتهێنانی پێکهاتەکانی نەوت، بەتایبەتی بەنزین بووەوە.
سەرەتای مانگی ئاب حکومەت رایگەیاندبوو، توانای بەرهەمهێنانی بەنزینیان، رۆژانە 114 ملیۆن لیترە، بەڵام پێویستیی نێوخۆییان دەگاتە 135 ملیۆن لیتر.



