رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەی قەرارگەی حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسداران دەڵێت، هەرێمی کوردستان دراوسێی ئێرانە و کێشەیان لەگەڵی نییە، بەڵام دەڵیت: "نابێت رێگە بدرێت خاکی ئەو هەرێمە دژی وڵاتەکەمان بەکاربهێندرێ.''
ئەمڕۆ چوارشەممە 26-08-2026، ئەمانوڵڵا گوشتاسپی، فەرماندەی قەرارگەی حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسداران وەک ئاماژەیەک بە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند: ''ئەوانەی لە دەرەوەی وڵاتن، پێیانوایە دەتوانن بە پشتبەستن بە دووژمنانی گەلی ئێران رۆڵێک بگێڕن، بەڵام با فریو نەخۆن و تاوەکو دەرفەت ماوە، بگەڕێنەوە بۆ باوەشی نیشتمان و گەلەکەیان.''
ئەمانوڵڵا گوشتاسپی بەبێ ئاماژەدان بە ناوی هیچ لایەنێک، رەتیکردەوە ئۆپۆزیسیۆن داوای گفتوگۆیان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کردبێت و گوتی: ''بابەتی لەو شێوەیە پشتڕاست ناکەینەوە، بەڵام پێمانوایە هێزی ئێران دوای رووداوەکانی ئەم دواییە و جەنگی 12 رۆژە، بۆ هەمووان دەرکەوتووە.''
''نابێ خاکی هەرێمی کوردستان دژی ئێران بەکاربهێنرێت''
لە بەشێکی قسەکانیدا، فەرماندەی قەرارگەی حەمزەی سوپای پاسداران باسی لە هەرێمی کوردستان و گوتی: ''ئەوان دراوسێی ئێمەن و هیچ کێشەیەکمان لەگەڵیاندا نییە، بەڵام نابێ خاکەکەیان دژی ئێران بەکاربهێنرێ.''
ئەمانوڵڵا گوشتاسپی وەک ئاماژەیەک بە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گوتی: ''بابەتەکە هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو حەواندنەوەی ئەو گرووپ و کەسانەیە کە دژی ئێران چالاکی دەکەن.''
ئەو فەرماندەیەی سوپای پاسداران هەڕەشەش لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات و دەڵێت، هێزە چەکدارەکانیان لە دۆخی ''هێرشبەر''ـدان و رێگە بە پەڕینەوەیان لە سنوورەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نادەن، ''هەروەها دەبێ لایەنەکانی بەرامبەر واز لە پشتیوانیکردن و دۆستایەتیی دووژمنانی ئێران بهێنن، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی وەڵامێکی تووند دەبنەوە''
ئەمانوڵلا گوشتاسپی ئەمریکا و ئیسرائیل بەوە تۆمەتبار دەکات کە هەوڵی ناردنی چەک بۆ نێوخۆی وڵاتەکە بە سنوورەکانی رۆژئاوای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستاندا دەدەن، ''بەڵام هێزەکانی پاسەوانی سنوور، پۆلیس و سوپای پاسداران، بە سەرپەرشتی و چاودێریی تەواو، ئەو هەوڵانەیان پووچەڵکردووەتەوە.''
هەڕەشەکانی فەرماندەی قەرارگەی حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسداران لەکاتێکدایە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ئەندامن لە هاوپەیمانیی کوردستانی، چەندین جار رایانگەیاندووە هەوڵی بەزاندنی سنوورتیان نەداوە و نەچوونەتەوە رۆژهەڵاتی کوردستان. هەروەها رەتیدەکەنەوە کە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا لە پەیوەندیدا بن و هیچ چەکێکیان بە مەبەستی هێرشکردنە سەر ئێران وەرگرتبێت.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئێران بە پاساوی لێدان لە حیزبەکانی رۆژهەڵات، زیاتر لە 965 جار هێرشی درۆنی و مووشەکی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان کە لە ئاکامی ئەم هێرشانەدا، 32 کەس گیانیان لەدەستداوە و 156 کەسیش بریندار بوون.



