تاران پێویستی بە 1820 قوتابخانەی نوێیە

18-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێکخراوی پەرەپێدان، ئامادەکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی پارێزگای تاران دەڵێت، "کێشەی کەمیی قوتابخانە و پۆلی خوێندنیان هەیە و پێویستیان بە 1820 قوتابخانەیە."
 
ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئەیلوولی 2023 عەباس زارع، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی پەرەپێدان، ئامادەکردن و نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەکانی تاران رایگەیاند، ئەمساڵ 100 قوتابخانەی نوێ لە سنووری پارێزگای تاران دروستکراون کە 76 قوتابخانە لە قەزاکان و 24یان لە ناوەندی شاری تارانن و 35 هەزار قوتابی دەتوانن بۆ ساڵی نۆیی خوێندن سوود لەو قوتابخانانە وەربگرن.
 
عەباس زارع گوتیشی، "بۆ دروستکردنی قوتابخانەی نوێ لە قەزاکان، بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەیان کردووە بۆئەوەی بزانن لە چ شوێنێک زیاتر پێویستیان پێیەتی."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، کەمترین رێژەی رووبەری پەروەردەیی لە ئێران لە سێ پارێزگای ئەلبورز، سیستان و بەلووچستان و تارانە، "لە پارێزگای تاران، بۆ هەر کەسێک 2.8 مەتری چوارگۆشە رووبەری پەروەردەیی هەیە کە کەمترە لە تێکرای رووبەری پەروەردەیی گشتی لە ئێران کە 5.2 مەتر چوارگۆشەیە، بۆیەش لە تاران پێویستیان بە 1820 قوتابخانەی 15 پۆلییە."
 
بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئێران لە دروستکردنی قوتابخانەدا پێشکەوتنی باشی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستا بۆ دروستکردنی هەر قوتابخانەیەک کەمتر لە دوو ساڵ ماوەی دەوێت.
 
رۆژی 23ی ئەیلوولی 2023 لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەرگای قوتابخانەکان دەکرێنەوە و ساڵی نۆیی خوێندن دەستپێدەکات.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، محەممەد سادق موعتەمیدیان، پارێزگاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە رۆژی 10ی تەممووزی ئەمساڵ رایگەیاند، لە سێکتەری پەروەردە دا کێشەی جیدییان هەیە و پێویستیان بە 17 هەزار پۆلی نوێی خوێندنە.
 
هەروەها یەحیا ئیبراهیمی، نوێنەرێکی لوڕستان لە پەرلەمانی ئێران رۆژی 25ی تەممووزی 2023 رایگەیاند، لەو پارێزگایەدا زیاتر لە 1000 قوتابخانەی کۆن هەن، کە لە لێواری رووخاندان، هەروەها 500 قوتابخانەش لە کابینەدان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە