رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای سنە، تائێستا یەک ملیۆن و 150 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران کڕدراوەتەوە، ئەوەش 11%ی کۆی ئەو گەنمەیە ئەمساڵ حکومەت لە جووتیارانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی کڕیوەتەوە.
فەرەیدوون حامدی، بەڕێوەبەری چاندن لە رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای سنە رایگەیاند، لەنێو 31 پارێزگای ئێراندا، پارێزگای سنە پلەی دووەمی بۆ بەرهەمهێنانی گەنم هەیە و لە پارێزگاکەیاندا بەگشتی یەک ملیۆن و 320 هەزار تۆن گەنم بەرهەمهاتووە.
بە گوتەی فەرەیدوون حامدی، لە کۆی بەرهەمی پارێزگای سنە، یەک ملیۆن و 150 هەزار تۆن بە حکومەت فرۆشراوە، کە پارەکەی دەکاتە 17 تریلیۆن و 200 ملیار تمەن (360 ملیۆن دۆلار).
ئەمساڵ زۆر لە جووتیاران گلەیی دەکەن کە حکومەت پارەی گەنمەکەی پێ نەداون، هەرچەندە ئەوان لەسەر چاندنی گەنم قەرزدار بوونەتەوە، لە هەمان کاتدا دەبێت بۆ وەرزی نوێی چاندن، ئامادەکاری بکەن.
وەزارەتی کشتوکاڵی ئێران پێشتر رایگەیاندووە، تاوەکو سەرەتای پاییز، واتە یەک هەفتەی دیکە، هەموو پارەی گەنمی جووتیارەکان دەدات.
بڕیاربوو حکومەت ئەمساڵ هەر کیلۆیەک گەنم بە 15 هەزار تمەن لە جووتیاران بکڕێتەوە، بەڵام ئەو جووتیارانە کە پارەی گەنمیان وەرگرتووە، دەڵێن، "حکومەت هەر کیلۆیەکی بە 11500 تمەن لێ کڕیونەتەوە."
بەپێی راپۆرتی رێکخراوی کشتوکاڵی پارێزگای سنە، ئەمساڵ 589500 هێکتار زەویی کشتوکاڵی بۆ چاندنی گەنم تەرخان کرابوو.




