رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی ئێران دەڵێت، لە باشووری وڵاتەکە نزیکەی 7.5 ترلیۆن پێ سێجا گازیان دۆزیوەتەوە. دەشڵێت: ''ئەم بڕە گازە هاوتای ئەوەیە کە ناوچەیەکی کێڵگەی پارسی باشوور بۆ ماوەی 15 ساڵ بتوانێت گازی پێویست دابین بکات.''
ئەمڕۆ یەکشەممە 23-08-2026، موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران پشتڕاستی کردەوە، بڕێکی زۆر گازی (هایدرۆکاربۆن)ـیان لە پارێزگای فارسی باشووری ئێران دۆزیوەتەوە و راشیگەیاند، دەکرێ لە داهاتوودا بە ''دەیان ملیار دۆلار'' داهاتی بۆ ئێران هەبێت.
بەگوتەی موحسین پاکنەژاد، بڕی گازەکە بە 7.5 ترلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێندرێت کە بە لەبەرچاوگرتنی توانای بەرهەمهێنان، ئەگەری دەرهێنانی زیاتر لە 72.3٪ـی هەیە، واتا نزیکەی 5.7 ترلیۆن پێ سێجا.
وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بە کاریگەریی گازەکە لەسەر کەرتی وزە کرد و گوتی: ''ئەم بڕە گازە هاوتای ئەوەیە کە ناوچەیەکی (لە 24 ناوچە) کێڵگەی پارسی باشوور کە گەورەترین کێڵگەی گازی ئێرانە، بۆ ماوەی 15ساڵ بتوانێت گازی پێویست دابین بکات.''
هایدرۆکاربۆنەکە لە جۆری گازی ''شیرین''ـە. وەک موحسین پاکنەژاد دەڵێت: ''شیرینبوونی ئەم گازە، تێچووی پەرەپێدانی کێڵگەکە و بەرهەمهێنان کەم دەکاتەوە.''
وەزیری نەوتی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، جیا لە هایدرۆکەربۆنەکە، بڕێکی زۆر ''شلەمەنیی گازی''ـیان دۆزیوەتەوە کە ئەویش بە دەیان ملیار دۆلار داهاتی بۆ وڵاتەکە دەبێت.
موحسین پاکنەژاد گوتیشی، بە زووترین کات کێڵگە گازییەکە دەخرێتە خزمەت کەرتی وزە و پیشەسازیی ئێرانەوە.
دۆزینەوەی ئەو گازە لەکاتێکدایە بەهۆی بۆردوومانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کێڵگەکانی گاز و نەوتی ئێران لە جەنگی 40 رۆژەدا، وڵاتەکە رووبەڕووی کەمیی گاز، کارەبا و بەنزین بووەتەوە. وەزیری نەوتی ئێران دەشڵێت: ''گازەکە پاڵپشتییەکی زۆر باش دەبێت بۆ داهاتووی کەرتی وزە.''
هایدرۆکاربۆنەکان بڕبڕەی پشتی پیشەسازی و ژیانی هاوچەرخن. سەرچاوەی سەرەکیی سووتەمەنین بۆ ئۆتۆمبێل، فڕۆکە، کارگەکان و بەرهەمهێنانی کارەبا. هەروەها زۆربەی جۆرەکانی پلاستیک لە هایدرۆکاربۆن دروست دەکرێن و لە دروستکردنی دەرمان، بۆیاخ، پەینی کیمیایی و مادەی پاککەرەوەدا بەکاردەهێنرێن.



