رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتی دادی ئێران دەڵێ، سزای لەسێدارەدانی کەسێکی دیکەی جێبەجێکردووە کە لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکانی وڵاتەکەدا بە تۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل و کاری ''تێکدەرانە'' لە کەرەج دەستگیر کرابوو.
بەیانیی رۆژی یەکشەممە، 23-08-2026، ئاژانسی هەواڵی فەرمیی دەسەڵاتی دادی ئێران (میزان)، لەسێدارەدانی بەندکراوێکی دیکەی بە ناوی (مەجید ئادین)ـی راگەیاند.
دەسەڵاتی دادی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات، 9ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، لە خۆپێشاندانە سەرانسەرییەکەی ئێراندا هاووڵاتییەکە لە کەرەج، بە دەمانچە، بەنزین و چەندین ئامێری دیکەوە دەستگیرکراوە کە بۆ ''تێکدانی ئاسایش''ـی شارەکە بەکارهێنرابوون.
دواتر لەلایەن دەسەڵاتی دادەوە، بە "تاوانی هاوکاریکردنی ئیسرائیل''، ''ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە'' و ''تێکدانی ئاسایشی گشتی''ـی وڵاتەکە، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو.
دوای پشتڕاستکردنەوەی بڕیاری دادگە لەلایەن دیوانی باڵای دادوەرییەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای بەندکراوەکە جێبەجێکراوە.
خۆپێشاندانەکانی ئێران کە لە 28-12-2025 دەستیان پێکرد. بەپێی ئاماری ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران ناسراو بە هرانا، 53 هەزار و 552 خۆپێشاندەر لە شارە جیاوازەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکران.
دەسەڵاتی دادی ئێران پێشتر رایگەیاندبوو، بەشێک لەو کەسانەی دەستگیرکراون سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و سزاکانیان بە خێرایی جێبەجێ دەکرێ.



