رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێ، رێبەری پێشووی وڵاتەکەی بەر لە کوژرانی پێی راگەیاندووە، دەبێ لەگەڵ ئەمریکا لە دۆخی ''نە جەنگ، نە ئاشتی'' دەربچن؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''پاشەکشە ناکەین، بەڵام دەتوانین دابنیشین بە لۆژیک کێشەکان چارەسەر بکەین.''
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە نوێترین لێدوانیدا باسی لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا کردەوە و رایگەیاند، ئەوە تەنیا بۆچوونی خۆی نییە، بەڵکو عەلی خامنەیی، رێبەری پێشووی وڵاتەکەش کە لە هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بۆ سەر تاران کوژرا، هەر ئەو بۆچوونەی هەبووە.
بەگوتەی مەسعود پزیشکیان، خامنەیی بەر لە کوژرانی لۆ کۆبوونەوەیەکدا پێی راگەیاندووە: ''پێویستە لە دۆخی نە جەنگ، نە ئاشتی تێپەڕین. بەڕێزیان چەندین جار فەرمووی دەبێ ئەم کارە بکەین.''
بەشێک لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئێران رەخنە لە قسەکانی پزیشکیان دەگرن و کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ ئەمریکا بە راگەیاندنی ''خۆبەدەستەوەدان'' دەزانن. سەرۆککۆماری ئێران گوتی: ''بڕیار نییە سەر دانەوێنین و لە بەرامبەر دووژمندا بە داماوی پاشەکشە بکەین، بەڵکو دەتوانین لەپەڕی دەسەڵات و هێزدا دابنیشین و بە لۆژیک کێشەکانمان چارەسەر بکەین. بێگومان ئەمە دەکرێ.''
لە بەشێکی قسەکانیدا مەسعود پزیشکیان ئاماژەی بە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد کرد کە 18ـی حوزەیرانی 2026 لەنێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ واژۆ کرا و گوتی، هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی لێکتێگەیشتنەکەیان پەسندکردووە.
ئەوە چەندەم جارە سەرۆککۆماری ئێران باس لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە جەنگ دەکات لەگەڵ ئەمریکا و هەموو جار رەخنەی لێ دەگیرێ.
مەحموود نەبەویان، پەرلەمانتاری ئێران لە کاردانەوەی قسەکانی پزیشکیان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: ''بەداخەوە هەندێک لێکدانەوەی هەڵەیان هەیە و بۆ بەرەوپێشبردنی ئامانجەکانی خۆیان تۆمەتی شەڕانگێزبوون لە خەڵک دەدەن.''
مەحموود نەبەویان لە بەشێکی پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ناوی سەرۆککۆماری ئێرانیش کردووە و دەڵێت: ''بەڕێز سەرۆککۆمار، مەبەست لە ئاگربەست لەم دۆخەدا، راگەیاندنی خۆبەدەستەوەدانە.''



