رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، بەهۆی ئەو بارودۆخەی تێیکەوتوون داوای لێبووردن لە گەلەکەی دەکات، داواشیان لێدەکات دەست بە بەکارهێنانی وزەوە بگرن.
دووشەممە 16-12-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک رێگەیەک دەبیننەوە یان رێگەیک دروست دەکەن و ناهێڵن خەڵکەکەی لە کێشەدا بن.
پزیشکیان گوتی: "ئەم ساڵ کەوتینە بارودۆخێکەوە کە ناچارین دەست بە بەکارهێنانی وزەوە بگرین، بۆ ساڵی داهاتوو هەوڵدەدەین ئەوە دووبارە نەبێتەوە".
سێ رۆژە لە بەشێکی پارێزگەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی سەرما و کەمی گاز و کارەباوە لە قوتابخانە و فەرمانگەکان دەکرێتە پشوو.
مەسعود پزیشکیان، شەوی پێنجشەممە 12ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا داوای لە هاووڵاتییانی ئێران کرد، بەکارهێنانی گاز و کارەبا بۆ گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان کەم بکەنەوە و پلەی گەرمی ماڵەکانیان لە 20 پلە زیاتر نەبێت.
بەگوتەی پزیشکیان، ئەم بابەتە دەبێتە هۆی زیادبوونی یەدەگی سووتەمەنی، "بەمەش لەم کەشوهەوا ساردەدا دەتوانین سووتەمەنیی پێویست بۆ هەموو خەڵک دابین بکەین".
کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای ئێرانیش رایگەیاند، لە بەرهەمهێنانی کارەبادا تووشی کێشە هاتوون و بە ناچاری جارێکی دیکە بڕیاردراوە، کارەبای ماڵان و کارگەکان کەمبکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ