رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری ئێران بەرەو تاجیکستان بە رێکەوت و دواتر دەچێتە رووسیا بۆ واژۆکردنی چەند رێککەوتنێک.
رۆژی چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2025، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بەرەو وڵاتی تاجیکستان بەڕێکەوت. پزیشکیان لە فڕۆکەخانەی تاران رایگەیاند، "ئەم دوو سەردانە لەسەر بنەمای ئەو سیاسەتانەیە کە پێشتر ڕاگەیێندراون، ئێمە هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان قووڵتر بکەینەوە، هەروەها گفتوگۆی زۆرمان لەگەڵ تاجیکستان دەبێت سەبارەت بە بوارەکانی ئاو، کشتوکاڵ، کانگا، گواستنەوە و زانست".
پزیشکیان لەگەڵ ئیمام عەلی رەحمان ، هاوتا تاجیکستانییەکەی کۆدەبێتەوە و چەند رێککەوتنێک واژۆ دەکەن.
سەرۆککۆماری ئێران، رۆژی هەینی دەچێتە مۆسکۆ و لەگەڵ ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە.
رووسیا و ئێران هەردووکیان لەژێر سزای نێودەوڵەتیدان و جموجۆڵە بازرگانییەکانیان بەرتەسک کراونەتەوە، بەڵام دوو وڵاتەکە پەیوەندییەکی بەهێزیان لە کەرتە جیاوازەکاندا هەیە، لەنێویاندا هاوکاریی سەربازی.
ئۆکرانیا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی، تاران بەوە تۆمەتبار دەکەن کە چەک و تەقەمەنیی بۆ مۆسکۆ ناردووە بۆ ئەوەی لە شەڕی دژی ئۆکراینادا بەکاریبێنێت.
ئێران چەندین جار ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە.
رۆژی 22-12-2024، ڤیتالی ساڤێلیڤ، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا بۆ کاروباری گواستنەوە لە تاران بوو و چاوی بە پزیشکیان کەوت. لە دیدارەکەدا باسیان لە دروستکردنی هێڵی ئاسنی رەشت - ئاستەرە کرد کە بە ئێران و ئازەربایجان و رووسیادا تێدەپەڕێت.
هێڵە ئاسنینەکە بەشێکە لە پرۆژەیەکی گەورەتر، ئەویش رێڕەوی گواستنەوەی نێودەوڵەتی باکوور - باشوورە، کە مەبەست لێی بەستنەوەی هیندستان، ئێران، رووسیا، ئازەربایجان و وڵاتانی دیکەیە بەیەکدییەوە.
دوایین کۆبوونەوەی دوو سەرۆکەکە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو بوو لە لووتکەی بریکس لە شاری کازانی رووسیا.
ئێران و رووسیا لە کاتی شەڕی نێوخۆی سووریا پشتیوانییان لە بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە دەکرد کە لە 8-12-2024، رووخا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ