بودجەی ساڵی داهاتووی ئێران لە پەرلەمانە و چوارچێوە گشتییەکەی پەسندکراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەرلەمانی ئێران
پەرلەمانی ئێران
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حکومەتی ئێران بودجەی ساڵی داهاتووی ئەو وڵاتەی ناردووەتە پەرلەمان و چوارچێوە گشتییەکەی لە لایەن پەرلەمانەوە پەسندکراوە، بەڵام رەخنە لەوە دەگیرێت کە "رەچاوی گوزەرانی خەڵکی کەمدەرامەت نەکراوە."
 
مەیسەم زهوریان، پەرلەمانتاری شاری مەشهەد رایگەیاند: "لەلایەک نرخی کەلوپەلە سەرەکییەکانمان زیاد کردووە؛ لە لایەکی دیکە بڕی 2.5 ملیار دۆلارمان لە پارەی تەرخانکراو بۆ ئەو مەبەستە کەم کردووەتەوە. لە بودجەدا مووچەی کارمەندان، کرێکاران، خانەنشینان و ئەوانەی یارمەتی لە حکومەت وەردەگرن بە رێژەی 20٪ زیاد کراوە، لە کاتێکدا بەراورد بە هەڵاوسان کە ئێستا 35٪ـە، بەهای راستەقینەی مووچە 14٪ کەمتر دەبێت."
 
حکومەت لە وەڵامی رەخنەکاندا دەڵێت، بە پێی تواناکانی هەوڵی باشترکردنی دۆخی ئابووری و دابینکردنی بژێوی خەڵک دەدات.
 
فاتمە مهاجرانی، گوتەبێژی حکومەتی ئێران لەوبارەیەوە دەڵێت: "لە بودجەدا مووچە لانیکەم بە رێژەی 20٪ زیاد کراوە، دواتر زیادکردنەکە دەبێتە 28٪، بە لەبەرچاوگرتنی یاسای گەنجکردنەوەی دانیشتوان. جێبەجێکردنی قۆناخی دووەمی هاوسەنگکردنی مووچەی خانەنشینان و بەردەوامیی تەرخانکردنی دۆلار بە نرخی حکومی بۆ کەلوپەلە سەرەکییەکانیش هەیە. هەروەها بۆ یارمەتیدانی ئەو خێزانانەی کەمدەرامەتن، لێخۆشبوونی داراییمان لە 12 ملیۆن تمەنەوە زیاد کردووە بۆ 24 ملیۆن تمەن."
 
دۆخی ئابووریی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەم چەند ساڵەی دواییدا بەهۆی سزا نێودەوڵەتییەکانەوە خراپتر بووە.
 
ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران رایگەیاندووە، زیاتر لە 30٪ خەڵکی ئەو وڵاتە لە خوار هێڵی هەژارییەوەن.
 
لە لایەکی دیکەوە، کورتهێنانی بودجەی ئەو وڵاتە نزیکەی 950 تریلیۆن تمەنە و پێدەچێت، حکومەت بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی رێگەیەکی سەختی لەبەردەم بێت
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە