پزیشکیان: کوردی هەردوولا بە هێڵێک جیاکراونەتەوە

11-09-2024
پەیام محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، ''دەکرێ پەیوەندییە خزمایەتییەکانی دانیشتووانی سەر سنوور لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەکاربهێنرێن''، گوتیشی، ''ئێمە لە هەردوو لای سنوور کورد (کوردنشین)مان هەیە، هەموومان وەکو یەکدین، تەنیا یەک هێڵیان کێشاوە کە لە یەکدی جیایان بکەنەوە".
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 11-09-2024، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری ماڵپەڕی ''دکتۆر پزیشکیان''، لەبارەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''ئێمە لە هەردوولای سنوور کوردنشینمان هەیە، هەموومان وەکو یەکدین، تەنیا یەک هێڵیان کێشاوە کە لە یەکدی جیایان بکەنەوە و شەڕ دروست بکەن. ئێمە نەک تەنیا شەڕمان نییە، بەڵکو پێکەوە لە پەیوەندیداین، بەلووچەکانی ئەملاش لەگەڵ بەلووچەکانی ئەولا لە پەیوەندیدان. ئێمە پێکەوە براین".
 
مەسعود پزیشکیان گوتی، ''لە نێوان ئێمە و دراوسێکانمان پەیوەندیی خزمایەتی هەیە و ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێت، ئەمە دەرفەتێکە و دەکرێ بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەکاربهێنرێن، ئەوکات ژیانی خەڵکی ئێمە لە هەردوولای سنوور بەرەو باشی دەچێت".
 
پزیشکیان لە درێژەی قسەکانیدا گوتی، بە بەکارهێنانی دروستی دەرفەتەکان، ''ئابووری گەشە دەکات، هێزی کۆمەڵایەتی و سیاسی زیاتر دەبێت، ئەزموونەکان دەگوازرێنەوە و سیاسەتەکان هاوئاهەنگ دەبن، بەڵام بەداخەوە لەبری ئەوەی وەک دەرفەتێک بیانبینین، دەیانکەین بە هەڕەشە".
 
سەرۆککۆماری ئێران جەختی لەوە کردەوە، ''دەتوانین لە دەرفەتەکان کەڵک وەربگرین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی نزیکمان لەگەڵ هەموو وڵاتانی دراوسێ هەبێت، ئەم بابەتەش دەتوانێت کاریگەری لەسەر دۆخی خەڵکی هەردوو لای سنوور هەبێت".
 
بەیانیی ئەمڕۆ کاژێر 8:30، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە پێشوازیی لێکرا و بڕیارە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان سێ رۆژ بخایێنێت.
 
چاوەڕێ دەکرێت، پزیشکیان سەرلەبەیانی سبەی پێنجشەممە سەردانی هەولێر بکات.
 
عێراق یەکەمین وڵاتە کە پزیشکیان دوای سوێندخواردنی وەکو سەرۆککۆمار لە 30ی تەممووزی ئەم ساڵ سەردانی دەکات، سەردانەکەشی دوای بانگهێشتێکی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە