رووداو دیجیتاڵ
داواکاری گشتیی ئێران هۆشدارییەکی تووند دەداتە ئەو ئێرانییانەی لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن و بە هەر شێوازێک هاوکاری، هاودەنگی یان هاوڕێیەتی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل" دەکەن، سەرجەم دارایی و موڵک و ماڵیان لە نێوخۆی ئێران دەستی بەسەردا دەگیرێت.
لە راگەیێندراوێکدا داواکاری گشتیی ئێران بڵاویکردەوە، ئەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتن و "هاودەنگی و هاوکاریی دووژمنی دەستدرێژکاری ئەمریکی-زایۆنی" دەکەن، رووبەڕووی یاسا دەبنەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەپێی دەقی یاسا، ئەو ئێرانییانەی لە دەرەوەی وڵات بە هەر رێگەیەک هاوکاریی دووژمن بکەن، سزای دەستبەسەرداگرتنی گشت داراییەکان و سزای دیکەی یاسایی دەیانگرێتەوە."
ئەم بڕیارەی داواکاری گشتیی ئێران لە کاتێکدایە، جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتوونەتە بەرزترین ئاست و تاران هەوڵدەدات گوشار بخاتە سەر ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی لە دەرەوەی وڵاتەوە چالاکی دژی کۆماری ئیسلامی ئەنجام دەدەن.


