نرخی جلوبەرگی قوتابخانەکان لە ئێران 50٪ بەرزبووەتەوە

07-09-2023
سینا سۆما
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یەکێتیی بەرهەمهێنان و هەناردەی جلوبەرگی ئێران دەڵێت، نرخی جلوبەرگی تایبەت بە قوتابخانەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیکەی 50٪ بەرزبووەتەوە، نرخی هەندێک مۆدێلی ئەو جلوبەرگانە دەگاتە یەک ملیۆن و 400 هەزار تمەن (28 دۆلار).
 
دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان نزیک بووەتەوە، ئەمساڵیش نرخی جلوبەرگی تایبەت بە قوتابیان لە بازارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە.
 
ئەکرەم عێوەزخانی، ئەندامی یەکێتیی بەرهەمهێنان و هەناردەی جلوبەرگی ئێران بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاند، نرخی جلوبەرگی تایبەت بە قوتابخانەکان بەراورد بە ساڵی رابردوو 40٪ تاوەکو 50٪ زیادی کردووە، بەڵام داواکاری لەسەر ئەو جلوبەرگانە هەر وەک خۆیەتی و گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.
 
ئەکرەم عێوەزخانی گوتی، نرخی سادەترین مۆدیلی جلوبەرگی تایبەت بە قوتابخانەکانی سەرەتایی، بۆ کوڕان لە 550 هەزار تمەنەوە دەستپێدەکات و بۆ قوتابیانی کچیش لە 600 هەزار تمەنەوە دەستپێدەکات تاوەکو سەروو ملیۆنێک تمەن و ئەو نرخانە تەنیا مودێلە سادەکان لە خۆ دەگرێت.
 
گوتیشی، تەنانەت نرخی هەندێک مۆدێلی ئەو جلوبەرگانە دەگاتە یەک ملیۆن و 400 هەزار تمەن.
 
سەبارەت بە داوکاری لەسەر کڕینی ئەو جلوبەرگانەش، ئەو ئەندامەی یەکێتیی بەرهەمهێنان و هەناردەی جلوبەرگی ئێران راگەیاند، بەشێوەیەکی گشتی داواکاری لەسەر جلوبەرگی تایبەت بە قوتابخانەکان گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، لەبەر ئەوەی هەندێک قوتابخانە هەموو ساڵێک مۆدێلی جلوبەرگی قوتابییەکانیان دەگۆڕن، بۆیە قوتابیەکان ناچار دەبن جلوبەرگی نوێ بکڕن، هەندێک قوتابخانەش دوو یان سێ ساڵ جارێک هەمان کار دەکەن، هەروەها هەندێک قوتابیش لەبەر ئەوەی گۆڕانکاری لە باڵا و کێشیاندا دروست دەبێت، جلوبەرگی نوێ بۆ ساڵی نوێی خوێندن بۆ خۆیان دابین دەکەن.
 
جاران بۆ دابینکردنی جلوبەرگی تایبەت بە قوتابخانە حکومییەکان، وەزارەتی پەروەردە و فێرکردنی ئێران هەندێک لایەن و ناوەندی دەستنیشان دەکرد، بۆ ئەوەی ئەو قوتابخانانە گرێبەستیان لەگەڵ بکەن، قوتابخانە تایبەتەکانیش خۆیان ئەو جلوبەرگانەیان دابین دەکرد، بەڵام ئەمساڵ یەکێتیی بەرگدوورانی ئێران داوای لە قوتابخانەکان کردووە، ئەو لایەنە دەستنیشان بکەن کە دەیانەوێت گرێبەستیان لەگەڵدا بکەن و نرخی جلوبەرگەکانیشیان رابگەیێنن.
 
عێوەزخانی پێشوازی لەو هەنگاوە دەکات و دەڵێت، ئەگەر بڕیارە چاودێری بەسەر دابینکردنی جلوبەرگی تایبەت بە قوتابخانەکانەوە هەبێت، دەبێ ئەمە بەر لە گرێبەستی قوتابخانەکان لەگەڵ لایەنی دابینکەر بێت، بۆ نموونە لە وەرزی بەهاردا بکرێت باشترە.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە