رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تارانەوە لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە گوتی: "لە کۆبوونەوەکانمان وەکو بابەت بەهیچ شێوەیەک باسی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانمان نەکردووە."
دوایین کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تاران لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراق بوو لە تاران، پاش کۆبوونەوەکە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی بۆ رۆژنامەڤانان باس کرد و رایگەیاند: "دەکرێت لە کۆبوونەوەکان پرسیارێک لەبارەی هەڵبژاردن کرابێت، بەڵام بابەتی کۆبوونەوە نەبووە."
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت. لەو بارەیەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، کە تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکیان لەبارەی گۆڕینی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نەداوە.
"هەڵبژاردن نەبێتە هۆی لێکترازان"
نێچیرڤان بارزانی لە درێژەی وەڵامەکەیدا جەختیکردەوە کە هەڵبژاردن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەری رێکبکەون، هەروەها بەرپرسیاریێتیی ئەو وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە و نەبێتە هۆی لێکترازانی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان.
وەک نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: من حەزدەکەم هەڵبژاردنێک بکرێت هەموو لایەک لەسەری رێکبکەون، هیچ لایەک نە خۆی بە دۆڕاو نە بە براوە بزانێت، یان نوقتە لەسەر یەکتر تۆمار بکرێت." چونکە ئەو قسانە بەرژەوەندیی هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستانی تێدا نییە.
دەقی پرسیار و وەڵام لەبارەی هەڵبژاردنەوە:
پرسیار: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان خۆتان کاتەکەتان دیاریکردووە، ئایا ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەدەچێت یان نا؟
نێچیرڤان بارزانی: با جارێ یەکەم بۆ جەنابت راست بکەمەوە، ئێمە بەهیچ شێوەیەک هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانمان وەک بابەتێک لە کۆبوونەوەکانمان لە هیچ شوێنێک باس نەکردووە، تەنیا لە رەنگە پرسیار کرابێت 'هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کەی دەکرێت؟' یانی لەوە زیاتر بابەتێکی کۆبوونەوەکانی ئێمە لە تاران نەبووە، وەڵامی ئێمە لەوەی پەیوەندیی بە سەرۆکی هەرێمەوە هەیە؛ ئێمە وادەی هەڵبژاردنمان دەستنیشانکردووە و تاوەکو ئەم لەحزەیەش وادەکەمان نەگۆڕیوە، بەڵام ئەوەی کە موهیمە ئەوەیە پێوەیستە هەڵبژاردنێک بکرێت... خۆ هەڵبژاردن بۆچی دەکرێت؟ بۆ ئەوەیە پێکەوە کاربکەین بۆ خزمەتی هەموو هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنێک لەسەری رێکبکەون و هەڵبژاردنێک نەبێتە هۆی لێکترازانی زیاتری هەرێمی کوردستان، ئەوە مەسئوولییەتی من وەکو سەرۆکی هەرێم ئەوە نییە پشتگیری لە هیچ حیزب و لایەنێک بکەم، دەسەڵاتی من وەکو سەرۆکی هەرێم؛ پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانە و بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستانیش لە سەرووی بۆچوونی حیزبەکان دەبینم و بەتەئکید هەر هەنگاوێک بنێم لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان دەنێم کە نابێتە هۆی لێکترازانی زیاتری هەرێمی کوردستان، حیزبەکان چ مەسڵەحەتێکیان هەیە، مافی خۆیانە و دروستە بەڵام ئەو ئەرکەی لەسەرشانی منە وەک سەرۆکی هەرێم ئەوەیە پاراستنی بەرژەوەندیی هەرێمی کوردتسانە. رۆژەکەم نەگۆڕیوە بەڵام من حەزدەکەم هەڵبژاردنێک بکرێت هەموو لایەک لەسەری رێکبکەون، هیچ لایەک نە خۆی بە دۆڕاو نە بە براوە بزانێت، یان نوقتە لەسەر یەکتر تۆمار بکرێت؛ ئێمە وامان کرد و ئێوە واتان کرد، ئەم قسانە راست نییە و مەسڵەحەتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیشی تێدا نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ