رووداو دیجیتاڵ
پەیوەندییەکانی پاسەوانی سنووری سنە دەڵێ، ئەندامێکیان لە سنووری مەریوان لە رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 23ی حوزەیرانی 2026 فەرەج رۆستەمی، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکانی پاسەوانی سنووری سنە رایگەیاند، "لە رووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ گرووپێکی دژبەر لەسنووری مەریوان، پاسەوانێکی سنوور بە ناوی دانیال نووریان کوژرا."
فەرەج رۆستەمی ئاماژەی بەوەش کرد، "لە کاتی رووبەڕووبوونەوەکە دانیال لە ئەرکدا بووە و بە سەختی بریندار بووە و دواتر گیانی لە دەستداوە."
بەپێی میدیای ئێران، دانیال نووریان خەڵکی ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستانە.
فەرەج رۆستەمی گوتی، "گرووپێکی پژاک دزەیان کردبووە نێو خاکی ئێران و دوای رووبەڕووبوونەوەیان بەرەو عێراق هەڵاتوون."
فەرەج رۆستەمی دەڵێ، "تۆڵەی ئەوە لە دووژمنان و گرووپە جوداخوازەکان دەکەینەوە."
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) هێزێکی کوردستانییە کە چالاکییەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستانن.




