رووداو دیجیتاڵ
سەڵتەنەتی عومان و ئێران، لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا پابەندیی خۆیان بۆ مسۆگەرکردنی هاتووچۆی ئارام لە تەنگەی هورمز دووپات کردەوە. هەردوولا بڕیاریاندا لێژنەیەک پێکبهێنن بۆ رێککەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی داهاتووی کەشتیوانی لە تەنگەکەدا و دیاریکردنی تێچووەکانی پەیوەست بەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێش دەکرێن، ئەوەش بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
لە راگەیێندراوەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویانکردووەتەوە هاتووە، عومان و ئێران رێککەوتوون لەسەر گفتوگۆ کردن لەگەڵ وڵاتانی دیکەی کەناراوەکانی ناوچەکە و هەر لایەنێکی دیکەی پەیوەندیدار.
هەروەها هەردوو وڵات پشتگیریی خۆیان بۆ یاداشتی لێکتێگەیشتنی (ئیسلامئاباد) لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەربڕی و جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی دیالۆگ و هاوئاهەنگی کردەوە بۆ جێبەجێکردنی سەرکەوتووانەی ئەو یاداشتە.
عومان و ئێران وەک دوو دەوڵەتی کەناراو لەسەر تەنگەی هورمز، ئاماژەیان بەوە کرد، پابەندن بە دابینکردنی تێپەڕبوونی ئارام بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، لە هەمان کاتدا جەختیان لە سەروەریی تەواوی خۆیان بەسەر ئاوە هەرێمییەکانیاندا کردەوە. ئەوان باسیان لەوە کرد، بابەتەکانی پەیوەست بە تەنگەکە بەپێی ئەو بڕگانە تاوتوێ دەکەن کە لە یاداشتنامەی ئیسلامئاباددا هاتوون.
لێژنەیەک بۆ بەڕێوەبردنی داهاتووی تەنگەکە
هەردوولا رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە تیمی کارکردنی هاوبەش لە نێوان وەزارەتەکانی دەرەوەی هەردوو وڵات پێکبهێنرێت بۆ رێککەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی کەشتیوانی، خزمەتگوزارییەکان و تێچووەکان.
جەختیشیان کردەوە کە "هەر رێککەوتنێک لەبارەی تەنگەی هورمزەوە بکرێت، دەبێت بە تەواوی رێز لە سەروەریی هەردوو دەوڵەتەکە بگرێت."
ئەم هەڵوێستە هاوبەشە تەنیا چەند کاژێرێک دوای ئەوە هات کە محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، مەسقەتیان جێهێشت.
ئەوان لە سەردانێکی کورتدا لەگەڵ سوڵتان هەیسەم تاریق و وەزیری دەرەوەی عومان کۆببوونەوە تاوەکو گفتوگۆکانی دانوستاندن و بابەتی کەشتیوانی لە تەنگەی هورمز تاوتوێ بکەن.


.jpg&w=3840&q=75)