رووداو دیجیتاڵ
ئێران دەڵێ، رێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم نادەن سەردانی ئەو بنکە ئەتۆمییە ستراتیژییانە بکەن کە ساڵی رابردوو لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کران، ئەوەش لەکاتێکدایە گەڕی یەکەمی دانوستاندنەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە سویسرا کۆتاییهات.
تاران و واشنتن یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە واژۆ کردووە. بەپێی رێککەوتنەکە، 60 رۆژ دیاریکراوە بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، لە سەروو هەموویانەوە پرسی ئەتۆمیی ئێران و لادانی سزاکان.
لەکاتێکدا جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، تاران رازی بووە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بگەڕێنەوە ئەو وڵاتە، ئێران ئەوەی رەت دەکاتەوە.
رۆژی سێشەممە، 23ـی حوزەیرانی 2026، ئیسماعیل باقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "هیچ کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەکە نەبووە و هیچ پلانێکیشمان نییە بۆ رێگەدان بە پشکنینی ئەو دامەزراوە ئەتۆمییانەی کەوتوونەتە بەر دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و زایۆنیستەکان."
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی ترووس سۆشیاڵ نووسی: "ئێران بە تەواوی رازی بووە بە بەرزترین ئاستی پشکنینی ئەتۆمی بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە داهاتوودا."
ساڵی 2025، کاتێک ئەمریکا چوونە نێو جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێرانی راگەیاند، بنکە ئەتۆمییەکانی فۆردۆ، نەتەنز و ئیسفەهانی بە بۆمبی "حەشارشکێن" بۆردوومان کرد. تاوەکو ئێستا ئاستی زیانەکان بە تەواوی دیار نییە، هەرچەندە ترەمپ دەڵێت "بە تەواوی خاپوور کراون."



