ژنێکی ئێرانی گەیشتە کونگرێسی ئەمریکا

06-11-2024
ژیلا ئەسعەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمجار، ژنێکی بە رەچەڵەک ئێرانی، دەبێتە ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا.
 
یاسەمین ئەنساری، لە ماڵباتێکی ئێرانییە و لە ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکا لەدایکبووە، سەر بە پارتی دیموکراتە و لە یەکێک لە بازنەکانی هەڵبژاردنی ویلایەتی ئەریزۆنا دەنگی پێویستی هێنا و بووە ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا.
 
ئەنساری، لە ساڵی 2021-2024 ئەندامی ئەنجوومەنی شاری فۆنێکس بووە، چەندین جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاندبوو، شانازی بە رەچەڵەکە ئێرانییەکەیەوە دەکات و هەوڵدەدات خەڵکانی دیکە بە کولتوور و ئایینی ئێرانی ئاشنا بکات.
 
دوای سەرکەوتنی، یاسەمین ئەنساری رایگەیاند، "وەک کچی کۆچبەران کە فێری رێکخستنیان کردم، زۆر سوپاسگوزارم بۆ ئەو هەزاران دەنگدەرەی باوەڕیان بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەمان و پەیامی ئەرێنیمان هەبوو سەبارەت بە بەدەستهێنانی ئەنجامی پێشکەوتنخوازانە."
 
ئەنساری، سەرکەوتوو بوو لە شکستپێهێنانی جێف زینکی کۆماریخواز و گەیشتە کۆنگرێسی ئەمریکا. 
 
یاسەمین ئەنساری لە دایکبووی ساڵی 1992ـە و، یەکەم ئێرانییە دەچێتە کۆنگرێسی ئەمریکا. 
 
ویلایەتی ئەریزۆنا یەکێکە لە ویلایەتە هەستیارەکانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە. شاری فۆنێکس ناوەندی ویلایەتی ئەریزۆنایە و پێنجەم گەورەترین شاری ئەمریکایە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە