مەسعود پزیشکیان: دەستی دۆستایەتی بۆ هەمووان درێژ دەکەین

06-07-2024
پەیمان محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەربژێری ریفۆرمخوازان دوای سەرکەوتنی لە گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران گوتی، نەریتخوازان "برای ئێمەن و دەستی دۆستایەتی بۆ هەمووان درێژ دەکەین."
 
بەپێی ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران، مەسعود پزیشکیان، بەربژێری ریفۆرمخوازەکان لە بەرامبەر سەعید جەلیلی، سکرتێری پێشووتری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران براوەی رکابەرییەکە بوو.
 
مەسعود پزیشکیان دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، قسەی بۆ میدیای ئێرانی کرد و روو لە بەرەی نەریتخوازان رایگەیاند: ''ئێمە دەستی دۆستایەتی بۆ هەمووان درێژ دەکەین.''
 
ئەو بەربژێرە سەرکەوتووەی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران گوتی: ''هەموومان گەلی ئەم وڵاتەین و دەبێ بۆ بەرەوپێشبردنی وڵات، سوود لە توانای هەمووان وەربگرین.'' 
 
رکابەریی لەسەر پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری ئێران لە نێوان ریفۆرمخوازان و نەریتخوازان، ئەو دوو بەرە دژ بە یەکە بوو کە لە کۆتاییدا جارێکی دیکە دەسەڵات کەوتەوە دەستی ریفۆرمخوازەکان. پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد: ''ئەوانیش [نەریتخوازان] برای ئێمەن و تەنیا ناکۆکیمان لەسەر دەسەڵاتە، ئەگەر بۆ رەزامەندیی خودا کار بکەین، شەڕمان نابێت.''
 
هاوکات، سەعید جەلیلی، رکابەری شکستخواردووی مەسعود پزیشکیان قسەی بۆ میدیای ئێرانی کرد: ''کەسێک کە هەڵبژێردراوی خەڵکە، دەبێ رێزی لێ بگیرێت و بە هەموو توانامان هاوکاریی بەرەوپێشچوونی بکەین''. 
 
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا کە رۆژی هەینی 05-07-2024 بەڕێوەچوو، سێ جار دەنگدان درێژ کرایەوە و تاوەکو کاژێر 12:00ی شەو (بەکاتی تاران) بەردەوام بوو و بەگوتەی موحسین ئیسلامی، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی ئێران، لە 30 ملیۆن و 573 هەزار و 931 دەنگ، پزیشکیان 16 ملیۆن و 384 هەزار و 403 دەنگی بەدەستهێنا و سەعید جەلیلیش بە 13 ملیۆن و 538 هەزار و 179 دەنگ، رکابەرییەکەی دۆڕاند.
 
وەک موحسین ئیسلامی گوتی، لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا 49.8٪ـی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانیان هەبوو، دەنگیان دا کە بەراورد بە گەڕی یەکەم رێژەی دەنگەکان نزیکەی 10٪ زیادی کرد.
 
سەرجەم ئەو کەسانەی وڵاتینامەی ئێرانیان هەیە و تەمەنیان سەرووی 18 ساڵ بوو، واتا بەر لە 05-07-2006 لەدایک بوون، مافی دەنگدانیان بۆ گەڕی دووەمی 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران هەبوو.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە