ژمارەی کوژراوانی تەقینەوەکانی ئێران گەیشتە سەروو 100 کەس

03-01-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەی کوژراوانی دوو تەقینەوەکەی ئێران گەیشتە 103 کەس و نزیکەی 200 کەسیش بریندار بوون. مانگی سووری ئێران دەڵێت، سێ کارمەندی تەندروستی کوژراون. تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێرانیش رایگەیاند، سبەی ماتەمینی گشتییە.
 
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، دوو تەقینەوە لە نزیک گۆڕی قاسم سولەیمانی لە شاری کرمانی ئێران روویاندا، بەپێی میدیای فەرمی ئێران، تائێستا 103 کەس کوژراون و 188 کەس بریندارن.
 
ئەمڕۆ یادی چوار ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی، بەرپرسی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانە، خەڵکێکی زۆر چوونەتە سەر گۆڕەکەی لە شاری کرمان.
 
ئەو دوو تەقینەوەیە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ سێشەممە، هاشم قاسم (ئەبوو ساڵح)، بەرپرسی راگەیاندنی حەماس بۆ میدیای دەرەوە بە رووداوی راگەیاند، لە هێرشەکەی ئیسرائیلدا بۆ سەر باڵەخانەیەک لە باشووری بەیرووت، ساڵح عاروری، بەرپرسی باڵای بزووتنەوەکە کوژراوە. عاروری جێگری ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بوو، هەروەها یەکێک بوو لە دەستەی دامەزرێنەرانی کەتایبی قەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس.
 
سەرەتا میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، تەقینەوەکە بوتڵی غاز بووە و لە نزیک مزگەوتی "ساحێب زەمان" کە لەسەر رێگەی گۆڕستانەکە هەڵکەوتووە.
 
لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیدا، رەحمان جەلالی، جێگری پارێزگاری کرمان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی رایگەیاند، "تەقینەوەکان بە بۆمبی چێندراو کراون و تیرۆریستین".
 
تائێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆیان لەو دوو تەقینەوەیە رانەگەیاندووە.
 
 
میدیای ئێران سەرەتا کوژرانی 73 کەسی بڵاوکردەوە، بەڵام دوای ئەوەی چەند بریندارێک کە برینیان سەختبوو گیانیان لەدەستدا، ژمارەکە بۆ 103 کەس بەرزبوویەوە.
 
ئاژانسی تەسنیمی نزیک لە سوپای پاسداران دەڵێت، دوو بۆمبەکە لەنێو دوو جانتا بوون و لە سووچێکی گۆڕستانەکە جێهێڵدرابوون.
 
هەر بەگوێرەی ئاژانسەکە، "تاوانبارەکان لەدوورەوە بە کۆنتڕۆڵ بۆمبەکانیان تەقاندووەتەوە."
 
شایەدحاڵێک کە لەنێو ئاپۆرای خەڵکەکە بووە لە گۆڕستانەکە دەڵێت، "بەرەو گۆڕستانەکە دەڕۆیشتین و ئۆتۆمبێلێک لە پشتمان وەستا و تەنەکەیەکی خۆڵ تەقییەوە. ئێمە تەنیا گوێمان لە دەنگەکەی بوو و بینیمان خەڵک بەردەبنەوە."
 
دوای تەقینەوەکان کە نزیکەی 17 خولەکیان لە نێوان بوو، ڤیدیۆی هەڵاتن و هاواری خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵاتییەکان بڵاوبووەوە و تێیدا دەردەکەوێت کە تیمەکانی فریاگوزاری، پۆلیس و ئامبولانس لە ناوچەکەن و یارمەتیی خەڵکەکە دەدەن.
 
 
مانگی سووری ئێرانی دەڵێت، سێ کارمەندی تەندروستی لە نێو کوژراوەکاندان.
 
قاسم سولەیمانی، کەسایەتی سەربازیی ئێران و فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، لە 3-1-2020 لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکاوە کوژرا.
 
ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، رێبەری گشتیی ئێران، قاسم سولەیمانی بە "شەهیدی زیندوو" وەسفکردبوو. بە سەدان هەزار خەڵک لە رێورەسمی ناشتنی لە کرمان ئامادەبوون.
 
بەگوێرەی ئامارێکی هاوبەشی دەزگای ئێران پۆل بۆ راپرسییەکان و زانکۆی ماریلاندی ئەمریکی لە ساڵی 2018، قاسم سولەیمانی دەنگ و پاڵپشتیی ٪83ـی ئێرانییەکانی هەبوو، دوای ئەو حەسەن رۆحانیی سەرۆکی پێشوو و دوای ئەویش محەممەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی پێشووی ئێران.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە