رووداو دیجیتاڵ
سباستیان لوکۆغنو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا، ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی ژمارەیەک پێگەی داعشیان لە سووریا بۆردوومانکردووە.
ئەمە یەکەمین جارە دوای رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، فەرەنسا پێگەی داعش بۆردوومان دەکات.
لوکۆغنو کە ئێستا لە لوبنانە بۆ ئەوەی بە بۆنەی سەری ساڵ سەردانی سەربازانی فەرەنسیی نێو هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان بکات، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "هێزە چەکدارەکانمان لە شەڕی دژی تیرۆردا لە شام بەردەوامن. رۆژی یەکشەممە، هێزی ئاسمانیی فەرەنسا لە سووریا هێرشی ئاسمانی کردە سەر داعش."
فەرەنسا لە ساڵی 2014ـەوە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئەندامە.
سەربازانی فەرەنسی لە چەند شوێنێکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جێگیرکراون، لەوانەش عێراق و ئیمارات.
دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکان کۆتاییان بە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد لە سووریا هێنا، چاودێران لە مەترسیی دروستبوونی کەلێن بۆ بەهێزبوونەوەی داعش دەترسن.
وێڕای ئەوەی لە ساڵی 2019 تێکشکاندنی خەلافەتەکەی لە بەری رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا لە لایەن هەسەدەوە راگەیێندرا، ژمارەیەک چەکداری رێکخراوە پەڕگیرەکە لە سووریا و عێراق ماونەتەوە.
نێوەڕاستی کانوونی یەکەمی ئەم ساڵ واشنتن رایگەیاند، ژمارەی سەربازەکانی لە سووریا دوو هێندە زیادکردووە و دوو هەزار سەربازی ئەمریکا لە وڵاتەکە هەن.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی وڵاتەکە (سێنتکۆم) رایگەیاند، دەیانەوێت دڵنیاببنەوە لەوەی "داعش دۆخی ئێستا بۆ خۆڕێکخستنەوە لە نێوەڕاستی سووریا ناقۆزێتەوە."
ئەمریکا دوو هەزار و 500 سەربازی دیکەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ