رووداو دیجیتاڵ
بەپێی راپۆرتی میدیاکانی بەریتانیا، ئاندی بێرنەم، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رازی بووە لە دژی حووسییەکانی یەمەن، یارمەتیی سەربازی پێشكێش بە سعودیە بکات.
بێرنەم لە کاتی گەشتکردنیدا بەرەو نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، فڕۆکە بەریتانییەکان لە رێگەی پڕکردنەوەی سووتەمەنی بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە لە ئاسماندا، پشتیوانییەکی "بەرگری" دابین دەکەن.
ئاژانسی هەواڵی بەریتانیا (PA) ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەرکەکە تەنیا پشتیوانیکردنی ئەو فڕۆکە سعودییانە دەبێت کە بەرپەرچی هێرشی درۆن و مووشەکی حووسییەکان دەدەنەوە و بەشداریکردن لە وەشاندنی گورزی سەربازی دژی حووسییەکان لەخۆناگرێت؛ هەروەها چاوەڕوان دەکرێت ئەرکەکە لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەستپێبکات و بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا گوتی: "ئێمە هەنگاو دەنێین بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و ناوچەکە (...) چونکە سعودیە رووبەڕووی هێرش دەبێتەوە و لەبەردەم ئاڵۆزیی روولەزیادبووندایە."
ئەم بڕیارەی لەندەن دوای ئەوە هات کە رۆژی شەممە هێرشێکی مووشەکیی حووسییەکان شاری ریازی پایتەختی سعودیەی کردە ئامانج.
چەکدارانی حووسی دوای هێرشێکی خێرا و بەرفراوان لەم مانگەدا، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە یەمەن فراوانتر کرد و تەواوی کەناراوەکانی رۆژئاوای ئەو وڵاتەیان تاوەکو تەنگەی بابولمەندەب کۆنترۆڵکرد؛ ئەو تەنگەیەی کە زەریای هیندی بە دەریای سوور و لەوێشەوە کیشوەری ئاسیا بە ئەورووپا دەبەستێتەوە.
ململانێ لە یەمەن لە ساڵی 2014دا دوای کۆنترۆڵکردنی ناوچەیەکی بەرفراوانی وڵاتەکە لەلایەن حووسییەکانەوە سەریهەڵدا کە دیارترینیان سەنعای پایتەخت بوو. لە ساڵی دواتردا، هاوپەیمانییەکی سەربازی بە سەرۆکایەتیی سعودیە بۆ پشتیوانیکردنی حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی دەستێوەردانی سەربازیی کرد؛ ئەم جەنگەش بووە هۆی کوژرانی سەتان هەزار کەس و دروستبوونی قەیرانێکی گەورەی مرۆیی لەو وڵاتەدا.



