رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تووندکردنەوەی سزاکانی ئەمریکا بەسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێراندا، ئەگەری راگرتنی تەواوی گەشتەکانی هێڵە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ عێراق هەیە، بەڵام بەگوێرەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەمڕۆ فڕۆکەیەک لە تارانەوە گەیشتووەتە فڕۆکەخانەکە. هەروەها بەرپرسانی عێراق دەڵێن هیچ بڕیارێکیان بۆ قەدەخەکردنی گەشتەکان پێنەگەیشتووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هیچ بڕیار و نووسراوێک بە فەرمی نەهاتووە کە گەشتەکان قەدەخە کرابێت و ئەمڕۆ گەشتی تاران بۆ هەولێر هەیە".
هەروەها بەگوێرەی ماڵپەڕی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ئەمڕۆ کاژێر 13:00 فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی ئێران (ماهان ئێر) دەگاتە فڕۆکەخانەکە و کاژێر 14:15 گەشتی پێچەوانە دەکاتەوە و دەگەڕێتەوە تاران.
لەسەر هەمان پرس، رووداو لەگەڵ وەزارەتی گواستنەوە و بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکانی عێراق قسەی کرد و هەردوولا رەتیانکردەوە کە هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە درابێت یان نووسراویان بەدەست گەیشتبێت کە گەشتەکانی کۆمپانیا ئێرانییەکان بۆ عێراق قەدەخە کرابن.
ئەحمەد وەحید، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی کارگێڕیی فڕۆکەخانەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئەیلوول بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ بڕیارێک یان نووسراوێکمان بۆ راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لەگەڵ ئێران بەدەست نەگەیشتووە و گەشتەکان بە شێوەیەکی ئاسایی بەردەوامن".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاندووە، سزای بەسەر 27 کۆمپانیای فڕۆکەوانیی ئێرانیدا سەپاندووە و هەڕەشەی راگرتنی چالاکییەکانیان لە سەرانسەری جیهاندا کرد.
هەروەها فراکسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق هۆشدارییەکی تووند ئاراستەی حکومەت و دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی دەکات لەبارەی دەنگۆی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆی ئاسمانی بەسەر فڕۆکە مەدەنییەکانی ئێراندا و گوتەبێژی فراکسیۆنەکە دەڵێت: "هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە زیانێکی گەورە بە کەرتی گەشتیاریی وڵات دەگەیێنێت و لێپرسینەوەی پەرلەمانیی بەدوادا دێت".
حامد عەباس موسەوی، گوتەبێژی فراکسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "سەپاندنی ئەم جۆرە مەرجانە بەسەر دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقدا پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی نیشتمانی و زەوتکردنی سەربەخۆیی بڕیاری عێراقە لە بەرژەوەندیی ئەجێندای دەرەکی".
موسەوی هۆشداریش دەدات کە فڕۆکە مەدەنییەکانی ئێران لە زۆربەی گەشتەکانیاندا زیارەتکارانی مەزارگە ئایینییەکان بۆ نەجەف، کەربەلا، بەغدا و سامەڕا دەگوازنەوە و راشیگەیاند: "بەرتەسککردنەوەی هاتووچۆی ئەو زیارەتکارانە بە بیانووی سزاکانی دەرەوە، بەزاندنی هێڵی سووری ئایینی و باوەڕییە".
فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بریتین لە بەغدا، بەسرە، نەجەف، مووسڵ، کەرکووک، هەولێر و جەلال تاڵەبانی لە سلێمانی.
سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکا جگە لە کۆمپانیا سەرەکییەکانی وەک ماهان ئێر، زاگرۆس، قشم، کاسپیەن و تابان، چەندین کۆمپانیای دەرەکیی دابینکاری خزمەتگوزاریی فڕۆکەوانیشی لە وڵاتان گرتووەتەوە، ئەمەش وای کردووە وڵاتان بۆ دوورکەوتنەوە لە سزاکانی واشنتن گەشتەکانیان لەگەڵ ئێران سنووردار بکەن.



