رووداو دیجیتاڵ | رۆژهەڵاتی نێوەڕاست
وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) هێرشی حووسییەکانی یەمەنیان بۆ سەر خاکی سعودیە سەرکۆنە کرد و داوایان لەم گرووپەی نزیک لە ئێران کرد دەستبەجێ پەلامارەکانی رابگرێت.
رۆژی دووشەممە بە کاتی ئەمریکا و سێشەممە بە کاتی هەولێر، وەزیرانی دەرەوەی هەریەک لە کەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، بەریتانیا و ئەمریکا لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دەڵێن: "داوا لە حووسییەکان دەکەین دەستبەجێ سەرجەم کردەوە سەربازییەکان، هەڕەشەکان و هێرشەکانیان بۆ سەر کەشتیوانیی سڤیل رابگرن و بە نیازپاکی بگەڕێنەوە بۆ نێو پرۆسەی سیاسی."
وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت هەروەها داوایان لە ئێران کرد کە "کۆتایی بە پڕچەککردن و پشتیوانیکردنی حووسییەکان بهێنێت" و جەختیان لەوە کردەوە کە تاران بەم هەنگاوانەی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشێل دەکات.
حووسییەکان چییان کردووە؟
- دەستبەسەرداگرتنی دەروازە ئاوییەکان: لە چەند هەفتەی رابردوودا، چەکدارانی حووسی لە هێرشێکی خێرادا تەواوی کەناراوەکانی دەریای سووریان لە یەمەن کۆنترۆڵکرد (لەوانەش بەندەری مەخا). ئەم پێشڕەوییە کۆنترۆڵی ئێران و هاوپەیمانەکانی بەسەر دوو رێڕەوی ئاویی زۆر گرنگدا پتەوتر کرد، لەوانەش تەنگەی هورمز و تەنگەی بابولمەندەب، کە سعودیە و وڵاتانی کەنداو بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەیان پشتی پێدەبەستن.
- لێدانی ریاز: رۆژی شەممە حووسییەکان بە مووشەک هێرشیان کردە سەر شاری ریازی پایتەختی سعودیە، کە ئەمە یەکەم هێرشی لەو شێوەیە بوو لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا.
- لێدانی کەرتی نەوت: هێرش کراوەتە سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای ئارامکۆ لە شاری یەنبەع، هەروەها بۆریی سەرەکیی نەوتی رۆژهەڵات-رۆژئاوای سعودیە بەهۆی هێرشەکانی درۆنەوە (کە بە گوتەی ریاز لە عێراقەوە کراوە) داخراوە.
- بۆردوومانی سعودیە: لە بەرامبەردا، فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە بەندەری مەخایان لە یەمەن بۆردوومان کرد و لانیکەم شەش کەسیان کوشت و هەشت کەسی دیکەشیان بریندار کرد.
پشتیوانیی وڵاتان بۆ سعودیە
بەریتانیا
رەزامەندیی دەربڕیوە لە رێگەی پڕکردنەوەی سووتەمەنیی فڕۆکە جەنگییەکانی سعودیە لە ئاسماندا، یارمەتیی بەرگریی ئەو وڵاتە بدات تاوەکو بەرپەرچی مووشەک و درۆنەکان بدەنەوە.
فەرەنسا
ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە لە دژی هێرشی حووسییەکان، بێ ئەوەی بچێتە نێو جەنگەکەوە.
ئەمریکا
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن و شازادەی جێنشینی سعودیە داوایان لە دۆناڵد ترەمپ کردووە هێرش بکاتە سەر حووسییەکان، بەڵام ترەمپ داواکەی رەتکردووەتەوە و گوتوویەتی کە حووسییەکان بەڵێنیان داوە هێرش نەکەنە سەر کەشتی و بنکە ئەمریکییەکان.
🤝 "پەیمانی بەرگریی مەککە" و کاردانەوەی حووسییەکان
مانگی رابردوو، سعودیە، تورکیا و پاکستان رێککەوتننامەیەکی بەرگریی هاوبەشیان واژۆ کرد بۆ ئەوەی ئەگەر هێرش بکرێتە سەر هەر یەکێکیان، بەرگری لە یەکدی بکەن.
لە بەرامبەردا، عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی حووسییەکان لە گوتارێکدا هۆشداریی دایە ئەنقەرە و ئیسلام ئاباد کە "لە پێناو دەستکەوتی سیاسی و پارەی دوژمنی سعودیدا، خۆیان لەم شەڕەدا تێوەنەگلێنن."



