گوتەبێژی بەرگریی ئیسرائیل: چوونە ناوەوەی سەربازانمان بۆ کەرتی غەززە زیادکردووە

29-10-2023
نیاز مستەفا
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، چوونەناوەوەی سەربازانیان بۆ باکووری کەرتی غەززە زیادکردووە. بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش هۆشداری لە زیادبوونی ژمارەی قوربانییان و پێویستی راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی دەدەن. 
 
رۆژی یەکشەممە 29ـی تشرینی یەکەمی 2023، دانیێڵ هەگاری، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل لە تەلئەڤیڤ رایگەیاند، "چوونەناوەوەی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیلمان بە شەوان بۆ نێو کەرتی غەززە زیادکردووە و ئەوانیش دەچنە پاڵ ئەو هێزانەی کە لەوێ شەڕ دەکەن." هەروەها گوتی، "هەنگاو بە هەنگاو چالاکییە زەوینییەکانمان و ژمارەی هێزەکانمان لە کەرتی غەززە زیاد دەکەین."
 
لەبارەی قۆناخی شەڕەکەیان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە، گوتەبێژی هێزەکانی بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، "شەڕی زەوینی لە باکووری کەرتی غەززە بەردەوام دەبێت و بە گوێرەی پلانی قۆناخەکانی شەڕەکە لەبەرەوپێش چوونداین."
 
ئەو گوتانەی بەرپرسە ئیسرائیلیەکە لەکاتێکدان، بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە زیادبوونی گرژییەکان و پێویستیی راگەیاندنی ئاگربەستی مرۆیی لەنێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل دەدەن. لەو بارەیەوە ئەمڕۆ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، دۆخی کەرتی غەززە رۆژ دوای رۆژ خراپتر دەبێت و داوای دەستبەجێ راگەیاندنی ئاگربەست و وەستاندنی خوێنڕێژییەکانی کرد. 
 
سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆسەر کەرتی غەززە چڕکردوونەتەوە و گوتی، "ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کە کوژراون و برینداربوون بەتەواوی قبووڵنەکراوە."
 
شەڕ لەبەرەی لوبنانەوە.
 
لەبارەی هێرشکردنەسەر خاکی ئیسرائیل لە لوبنانەوە، گوتەبێژی هێزی بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، دوای ئەوەی شەوی رابردوو، 28-10-2023، لە خاکی لوبنانەوە تەقە بە ئاراستەی سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل کرا، لە وەڵامدا "هێرشمان کردەسەر ئامانجە سەربازییەکان، ژێرخان و بنکەکانی رێکخراوی حیزبوڵڵا." راشیگەیاند، "لە باکوور، رێکخراوی تیرۆریستیی حیزبوڵڵا بەردەوامە لە دژایەتی کردنمان و ئێمە هەموو ئەو کەسانەی لە دژمان کار دەکەن دەیانکوژین و لەنێویان دەبەین."
 
لەدوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل لە 7ـی تشرینی یەکەم، چەند جارێک لە خاکی لوبنانەوە تۆپباران و مووشەکبارانی ئیسرائیل کراوە، لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل بە بۆردوومانکردنی خاکی لوبنان وەڵامی هێرشەکانی داوەتەوە. 
 
بەگوێرەی بەرپرسانی لوبنان، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی ناوچە سنوورییەکانی لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 19 هەزار کەس لەو ناوچانە ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە. 
 
شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل و گرژییەکانی کەرتی رۆژئاوا.
 
23 رۆژە شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و سوپای ئیسرائیل بەردەوامە، ئەوەش دوای ئەوەی بەرەبەیانی رۆژی شەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 بزووتنەوەی حەماس، ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "تۆفانی ئەقسا"ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند؛ ئیسرائیلیش لەبەرامبەردا ئۆپەراسیۆنی ناونراو بە "شمشێری پۆڵاین"ـی راگەیاند، بەڵام دواتر بەرەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل فراوانتر بوو و ژمارەیەک گرووپی چەکداری دیکەش چوونەنێو شەڕەکە. 
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی هەردوو بەرەی ئیسرائیل و کەرتی غەززە، لە 23 رۆژی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززە و ئیسرائیل زیاتر لە نۆ هەزار و 400 فەلەستینی و ئیسرائیلی کوژراون و نزیکەی 26 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. لەنێو کوژراوانی کەرتی غەززەشدا، نزیکەی سێ هەزار و 200 کەسیان منداڵن. هاوکات  بە گوێرەی بەرپرسانی کەرتی رۆژئاواش، لەو ماوەیەدا بەهۆی گرژییەکانی کەرتی رۆژئاواوە 112 کەس کوژراون و هەزار و 900 کەسی دیکەش برینداربوون.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی فوئاد حوسێن و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس

وەزیری دەرەوەى عێراق: داعش داڕمانی سوپای سووریا و کشانەوەی هەسەدەی قۆستووەتەوە

وەزیرى دەرەوەى عێراق و ئەنتۆنى گۆتێرێس، سکرتێرى گشتیى نەتەوە یەکگرتوووکان بە تەلەفۆن دۆخى سووریا تاوتوێ دەکەن، بەگوێرەى وەزارەتى دەرەوە، گوتێرێس نیگەران بووە لە ئەگەرى دروستبوونى ئاڵۆزى لەنێوان یەپەگە و هەندێک رێکخراو و گرووپە چەکدارەکانى دیکە لەو وڵاتەدا.