رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی فڕۆکەوانیی ئێران هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بۆ شارەکانی بەغدا، مەسقەت و جۆرجیا راگەیاند و ئاماژە بەوە دەکات، هەوڵ دەدەن ئەو گەشتانەی بەرەو بەغدان، بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف بگوازنەوە.
مەجید ئەخەوان، گوتەبێژی دامەزراوەی فڕۆکەوانیی ئێران ئەمڕۆ سێشەممە 22-09-2026 لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمی وڵاتەکەی رایگەیاند، "لە کاژێر 24:00ـی ئەمشەوەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا پێشوازی لە فڕۆکە ئێرانییەکان ناکات، بەو هۆیەوە لە هەوڵی هاوئاهەنگی و گفتوگۆداین تاوەکو ئەو گەشتانەی شوێنی مەبەستیان بەغدایە، ئاراستەی فڕۆکەخانەی نەجەف بکرێن."
گوتەبێژی دامەزراوەکە ئاماژەی بەوە کرد، پێشوازیکردن لە گەشتە ئاسمانییەکانی ئێرانیش لە فڕۆکەخانەی مەسقەتی پایتەختی عومانیش رادەگیرێ و لەوبارەیەوە گفتوگۆ و راوێژەکانیان بەردەوامن.
مەجید ئەخەوان روونیکردەوە کە جگە لەو سێ شوێنە، سەرجەم گەشتە نێودەوڵەتی و دەرەکییەکانی دیکەی ئێران بەپێی خشتەی ئاسایی خۆیان بەڕێوەدەچن و هیچ کێشەیەکیان تێدا نییە.
هاوکات سەرچاوەیەکی بەرپرس لە فڕۆکەخانەکانی عێراق، شەوی 22ی ئەیلوولی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەردوو کۆمپانیای مێنزیس بۆ خزمەتگوزاریی فڕۆکەوانی لە عێراق و کۆمپانیای نیشتمانیی خزمەتگوزاریی فڕۆکەوانی (ناس) کە گرێبەستیان لەگەڵ فڕۆکەخانەکانی عێراق هەیە، بە فەرمی پێیان راگەیاندوون کە لە کاژێر 12:00ی شەو پێشوازی لە هیچ فڕۆکەیەکی ئێرانی ناکەن.
لە رۆژی 21ی ئەیلوولەوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆسەر کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران، سێ کۆمپانیای گەورەی فڕۆکەوانیی تورکیا 'تورکیش ئێیەرلاینز'، 'ئەی جێت' و' پێگاسوس'، گەشتەکانیان بۆ ئەو وڵاتە هەڵوەشاندووەتەوە.
پێشتر هێڵی ئاسمانیی 'ماهان ئێیەری ئێرانی' رایگەیاندبوو، لەسەر داوای دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانیی تورکیا، لە رۆژی 21ی ئەیلوولەوە هەموو گەشتەکانی بۆ تورکیا رادەگرێ.



