رووداو دیجیتاڵ
هەرچەندە ئاگربەستی نێوان حیزبوڵڵا و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، بەڵام سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە باشووری لوبنان هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی بزووتنەوەکە. ئیسرائیل هەروەها قەدەخەی هاتووچۆی لە باشووری وڵاتەکە راگەیاند.
رۆژی پێنجشەممە، 28-11-2024، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "لە دامەزراوەیەک کە حیزبوڵڵا وەک کۆگەی مووشەک بەکاری دەهێنێت لە باشووری لوبنان، جموجۆڵی تیرۆریستی دەستنیشانکرا. هەڕەشەکە لەلایەن فڕۆکەیەکی هێزەکانی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە پەکخرا."
شەوی سێشەممە، 26-11-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستێکی 60 رۆژەی لە نێوان بزووتنەوەی حیزبوڵڵای لوبنان و سوپای ئیسرائیل راگەیاند. بەگوێرەی ئاگربەستەکە، حیزبوڵڵا پێویستە 30 کیلۆمەتر لە سنووری باشووری لوبنان کە هاوسنووری باکووری ئیسرائیلە بکشێتەوە، سوپای لوبنان جێگەیان بگرێتەوە، هەروەها ئیسرائیلیش هێرش نەکات و بکشێتەوە.
هەرچەند ئاگربەست راگەیێنراوە، سوپای ئیسرائیل گوتی: "سوپا لە باشووری لوبنان دەمێنێتەوە و لە دژی پێشێلکارییەکانی ئاگربەست هەنگاو دەنێت."
نازیح عید، سەرۆکی شارەوانیی شارۆچکەی بەیسەرییە لە باشووری لوبنان گوتی: "فڕۆکەیەکی جەنگی هێرشی کردە سەر رۆژهەڵاتی شارۆچکەکەمان. فڕۆکەکە ناوچەیەکی دارستانی کردە ئامانج، کە سڤیل ناتوانێت لێی نزیک ببێتەوە."
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "تەقەیان لە چەند گومانلێکراوێک کردووە کە بە ئۆتۆمبێل چوونەتە بەشێک لە ناوچەکانی باشووری لوبنان، پێشێلی ئاگربەستیشیان کردووە."
ئاگربەستەکە جەنگێکی 13 مانگەی راگرت کە لە 08-10-2023، رۆژێک دوای جەنگی غەززە دەستیپێکرد.
لەلایەکی دیکە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "هاووڵاتییانی باشووری لوبنان بە هیچ شێوەیەک بۆیان نییە لە نێوان کاژێر 5:00ـی ئێوارەی پێنجشەممە تاوەکو 7:00ـی بەیانیی هەینی هاتووچۆ بکەن. [6:00 بۆ 8:00 بەکاتی هەولێر]."
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە نوێترین ئامار رایگەیاند، سێ هەزار و 961 کەس لە ماوەی ئەو 13 مانگەدا کوژراون، هەروەها 16 هەزار و 520 کەسیش برینداربوون. لە ئیسرائیل، شەڕ و تەنگژە بووەتە هۆی کوژرانی 82 سەرباز و 47 سڤیل.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ