لە ساڵێکدا 1,540 کەس لە سنووری لوبنان کوژراون

26-09-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
  
رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسانی لوبنان رایدەگەیێنن، لە ماوەی ساڵی رابردوو، بەهۆی بۆردوومانەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، 1,540 کەس لە لوبنان کوژراون و 5,410 کەسیش بریندار بوون. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 26ـی ئەیلوولی 2024، یەکەی بەڕێوەبردنی کارەساتەکانی لوبنان لە راگەیێندراوێکدا ژمارەی ئەو کەسانەی ئاشکرا کرد، کە لە ماوەی ساڵی رابردووی بۆردوومانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە لوبنان کوژراون و بریندار بوون. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، تەنیا لە ماوەی 24 کاژێری رابردوو، 60 کەس لە لوبنان بەهۆی بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیلەوە کوژراون، بەوەش ژمارەی تەواوی ئەو کەسانەی لە ساڵی رابردووەوە لە لوبنان کوژراون گەیشتووەتە 1,540 کەس هەروەها 5,410 کەسیش بریندار بوون. 
 
ئەوەش لەکاتێکدایە، نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لەماوەی ساڵی رابردووەوە، بەهۆی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، نزیکەی 100 هەزار کەس لە باشووری لوبنان و زیاتر لە 60 هەزار کەسیش لە باکووری ئیسرائیل دەربەدەر بوون. 
 
ئەمڕۆ گرووپی حیزبوڵڵای لوبنانی لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بە 80 رۆکێت هێرشییان کردووەتە سەر شارۆچکەی (سەفید) لە باکووری ئیسرائیل، ئەوەش لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە ئیسرائیل لە چەند رۆژی رابردوودا کردوویەتییە سەر پێگەکانی حیزبوڵڵا لە سنوورەکانی باشووری لوبنان. 
 
رۆژی دووشەممە، ئیسرائیل بە چڕی بۆردوومانی باشووری لوبنانی کرد و رایگەیاند، زیاتر لە هەزار و 300 پێگەی حیزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج".
 
رۆژی دووشەممە، 23-09-2024، دانیێل هاگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد، بە گوتەی هاگاری لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردووەوە حیزبوڵڵا 9000 مووشەک و درۆنی ئاراستەی باکووری ئیسرائیل کردووە، تەنیا لە هەفتەی رابردوو 700 مووشەکیان بە ئاراستەی ئیسرائیل تەقاندووە.
 
دوێنێ چوارشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی تایبەت بە دۆخی لوبنان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا کرد و تێیدا 12 وڵاتی زلهێزی ئەندام لەو ئەنجوومەنە، پێشنیازێکی 21 رۆژ ئاگربەستی کاتییان لە لوبنان و چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە راگەیاند.
 
راگەیێندراوە هاوبەشەکە لەلایەن ئەمریکا، بەریتانیا، ئوسترالیا، کەنەدا، یەکێتی ئەورووپا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، سعودیە، ئیمارات و قەتەرەوە واژۆ کراوە.
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە