رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە گوتەکانی سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی جەژنی نەورۆزەوە رایگەیاند، لێدوانەکانی سەرۆککۆماری تورکیا کە دەڵێت نەورۆز رۆژی جەژن و ئاهەنگگێڕانە بۆ تورک، نیشانەی قووڵی و دەوڵەمەندیی پەیامی بەرزی نەورۆزە.
رۆژی دووشەممە، 24ی ئاداری 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە گوتەکانی سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی جەژنی نەورۆزەوە پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکردەوە. لە پەیامەکەیدا دەڵێت، "نەورۆز رەگ و ریشەی دێرینی لە شارستانیەتی ئێراندا هەیە و بە درێژایی مێژوو ئەم رێوڕەسمە جوانە لەنێو گەلانی جۆراوجۆردا بڵاوبووەوە و ئەمڕۆش وەک میراتێکی کولتووری هاوبەشی زۆر لە گەلان، هێمای دۆستایەتی، ئاشتی و هاودەنگییە."
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها دەڵێت: "شانازی دەکەین کە نەورۆزی ئێرانی، لە سایەی پەیامە مرۆیی و کولتوورییە بەرزەکەیدا، ئێستا لەلایەن زۆر لە نەتەوە و ئەتنیکەکانەوە، لەوانە تورک، عەرەب، کورد، بەلووچ، تورکمان، ئۆزبەک، و ئەوانی دیکەوە وەکو جەژن پیرۆز دەکرێت و پەیوەندییە مرۆیی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی نێوان نەتەوە و ئەتنیکەکانی لە ناوچەیەکی فراوان لە رۆژهەڵاتەوە تا رۆژئاوای ئاسیا و ئەودیو، پتەوتر کردووە."
ئێوارەی 21ـی ئاداری 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێوڕەسمی نەورۆزدا لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، ئامادەیە داواکارییەک پێشکێشی پەرلەمانی تورکیا بکات بۆ ئەوەی رۆژی 21ی ئادار، وەک جەژنی بەهار و برایەتی بکرێتە پشووی فەرمی.
ئەردۆغان هەروەها گوتی، لە کۆبوونەوەی وڵاتانی تورک کە بریارە 4ی نیسانی 2025 لە هەنگاریا بەڕێوەبچێت، پێشنیاز دەکات نەورۆز بکرێتە جەژنی هاوبەشی وڵاتانی تورک زمان.
قسەکانی ئەردۆغان لە نێو میدیای ئێران دەنگدانەوەیەکی زۆری دروستکرد و لە رۆژنامەکانی ئەو وڵاتەدا چەندین بابەت و گوتاری لەسەر نووسرا، کە ناوەڕۆکی زۆربەیان ئاماژە بەوە دەکات، ئەردۆغان بەنیازە دەستبەسەر جەژنی نەورۆزدا بگرێت و بیکاتە موڵکی تورکیا. لە زۆربەی میدیای ئێران داوا لە حکومەتی ئەو وڵاتە کراوە، لە بەرامبەر قسەکانی ئەردۆغان هەڵوێست وەربگرێت و خاوەندارێتی لە نەورۆز بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ