پیرۆزبایی حاکمی دوبەی لە رۆژی نەورۆزدا: رۆژەکانتان پڕ بن لە گوڵی بەهارە

20-03-2024
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

حاکمی دوبەی بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەورۆز پیرۆزبایی دەکات و دەڵێت، "گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو ئەوانە دەکەین، ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن و هیوای ساڵێکی خۆشیان بۆ دەخوازین."
 
رۆژی چوارشەممە، 20-03-2024، شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتووم، حاکمی دوبەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پەیامێکی بەبۆنەی هاتنی نەورۆز بڵاوکردەوە و نووسی، "گەرمترین پیرۆزبایی لە هەموو ئەوانە دەکەین کە ئاهەنگی نەورۆز دەگێڕن."
 
حاکمی دوبەی لە پەیامەکەیدا دەنووسێت، "هیوای ساڵێکی خۆشیان بۆ دەخوازین."
 
ئال مەکتووم هەروەها دەڵێت، "رۆژەکانتان پڕ بن لە گوڵی بەهارە، ئاشتی و ئاسایش؛ لە خۆشگوزەرانی و سەقامگیریدا گەشە بکەن."
 
جەژنی نەورۆز لەلایەن نەتەوەی کوردەوە مێژوویەکی زۆر کۆنی هەیە و زۆر رووداوی نەتەوەیی کورد پەیوەستن بە نەورۆزەوە، هەروەها رۆژی یەکەمی نەورۆز پەیوەستە بە گۆڕانی وەرزی ساڵەوە لە زستانەوە بۆ بەهار و بووژانەوەی سرووشت و کار لە کوردستان. هەروەها پیرۆزکردنی نەورۆز بە رێوڕەسمی تایبەت و جیاوازە لە نەتەوەکانی دیکە.
 
نەورۆزی ئەم ساڵ کەوتووەتە نێو مانگی رەمەزانەوە، بۆیە چالاکییەکان و ئاگرکردنەوە فەرمییەکان کەوتنە دوای بەربانگەوە. 
 
لە سلێمانی چەند چالاکییەکی تایبەت بە جەژنی نەورۆز بەڕێوەچوون. ئێوارەخوانێکی بەربانگ پێشکێشی ژینگەپارێزان کرا، هەروەها ژمارەیەک چالاکی لە شاڕێی سالم، ناسراو بە سەهۆڵەکە، بەڕێوەچوون.
 
قەڵای هەولێر بە ئاڵای کوردستان و رووناکی زێندرایەوە و دوای بەربانگ ئاگری نەورۆز کرایەوە.
 
لە دهۆک بەهۆی زیانەکانی لافاوەوە ئاهەنگ بەڕێوەنەچوو. ئیسماعیل محەممەد، قایمقامی دهۆک بە رووداوی گوت، "بەهۆی ئەو دۆخەی لە سنوورەکەمان هەیە تەنیا ئاگر دەکرێتەوە و هیچ ئاهەنگێک بۆ نەورۆز بەڕێوەناچێت."
 
لە هەڵەبجەش نەورۆز پیرۆز کرا و کاژێر 07:00ی ئێوارە رێوڕەسمێک لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەر لە شارەکە بەڕێوەچوو.
 
ئەمڕۆ ئاگری نەورۆز لە قەڵای کەرکووکیش کرایەوە. عەلی قەڵایی، سەرپەرشتیاری بەشی هەڵبژاردنی کەرکووک - سەلاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لایەنە کوردستانییەکان پێکەوە لەسەر قەڵای کەرکووک ئاگری نەورۆز دەکەنەوە، بەڵام هیچ ئاهەنگێکی تایبەت بەڕێوەنابەن.
 
جیا لە سەنتەری پارێزگاکان، لە زۆرینەی قەزا و ناحیەکانی هەرێمی کوردستان ئاگری نەورۆز کرایەوە و رێوڕەسمی جیا بەڕێوەچوون، لەنێویاندا قەزای ئاکرێ، کە ساڵانە بە ئاهەنگەکانی سەرنجی زۆرترین کەس رادەکێشێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە