پزیشکێکی نەخۆشخانەکەی غەززە: هەندێک منداڵ کوژراون گۆرانیان بۆ ئاشتی دەچڕی

18-10-2023
محەممەد سالم
بۆردوومانی نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە
بۆردوومانی نەخۆشخانەی مەعمەدانی لە غەززە
نیشانەکردن شەڕی ئیسرائیل و حەماس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هەزاران کەس بۆ خۆپاراستن لە بۆردوومانەکان لە حەوشەی نەخۆشخانەی مەعمەدانی ئەهلی، لە کەرتی غەززە کۆببوونەوە، بەڵام هەرزوو موشەکێک ئەو هەستە ئارامەی لێتێک دان، بەهۆیەوە سەتان کەس کوژران و سەتانی دیکە بریندار بوون. پزیشکێک لەو نەوخۆشخانەیە دەڵێت، "ژمارەیەک منداڵ کوژراون گۆرانیان بۆ ئاشتی دەچڕی."
 
محەممەد کەحیل، یەکێک لە کوڕەکانى لەو بۆردوومانە لەدەستدا و ئەندامانى دیکەى خێزانەکەى بە سووکى بریندار بوون، باسی هێرشەکە بۆ رووداو دەکات و دەڵێت، " کوڕەکەم شەهید بوو ، دوو لە کوڕەکانم بریندارن و لە چاودێڕى چڕن، سەرەراى ئەوەى ئێمە هاتین بۆ ئێرە وەک گەڕان بەدواى شوێنێکى ئارام، بەڵام  بۆردومان کراین، خۆم و منداڵ و هاوژینەکەم بریندار بووین  ئێمە هیوامان وابوو کە شوێنێکى ئارام بدۆزینەوە، بەڵام بۆردوومان کراین."
 
هێزە فەلەستینیە دژبەرەکانى ئیسرائیل، سوپاى ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانى هێرشەکە، بەڵام سوپاى ئیسرائیل دەڵێت، هێرشەکە گروپێکى فەلەستینى ئەنجامیداوە. 
 
شوێنەوارى خوێن و پاشماوەى جل و بەتانى و وێرانکارى لە نەخۆشخانەکە گوزارشتن لە رووداوەکە، ئەوانەى کە لەم شوێنەبوون یان پەنایان بۆ بردووە باسی ساتی بۆردوومانەکە دەکەن.
 
عەدنان ئەبو عەمەر، شایەتحاڵێکە لەدوای بۆردوومانی نەخۆشخانەکە لەوێ بووە و دەڵێت، "دۆخەکە تۆقێنەر بوو، جەستەى پارچە پارچە بووى منداڵ و ژن و بەساڵا چوانمان دۆزیەوە کاتێک دەمانویست تەرمەکان هەڵبگرین، پارچە پارچە دەبوون، پارچەى جەستەى منداڵ لەهەموو شوێنەکە هەبوو، تەقینەوەکە تۆقێنەربوو."
 
د.فازل نەعیم، سەرۆکى هۆبەى نەشتەرگەریى ئێسک لە نەخۆشخانەى مەعمەدانی، باسی کارەساتەکە دەکات و دەڵێت، " رووداوەکە بۆ من شۆکێکى گەورە بوو کاتێک دیمەنەکەم بینى لە حەوشەى نەخۆشخانەکە، پڕ بوو لە تەرم  و تەرمى پارچە پارچە بووى ژنان و منداڵ لە هەموو شوێنێک بوو، ئەم شوێنەى پشتمەوە شوێنى یاریکردنى منداڵان بوو و گۆرانیان بۆ ئاشتى دەچڕی، بەڵام ئەوە دوا گۆرانى چڕینیان بوو."
 
بۆردوومانەکە کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، لایەنە فەلەستینییەکان و وڵاتانی عەرەبی داوایان کرد کە سنوورێک بۆ ئەو جەنگە دابنرێت کە هەزاران قوربانی لە هەردوولا لێکەوتووەتەوە. 
 
بەهۆی زۆری ژمارەی کوژراو و بریندارەکانی، بۆردوومانەکەى نەخۆشخانەى مەعمەدانى لە ناوەندى شارى غەززە، بە وێرانکاریترین هێرشى ئەم جەنگە دادەنرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە