وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئاگربەستی غەززە سەردانی ئیسرائیل دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیل دەکات و داوا لە لایەنەکان دەکات "گرژییەکان کەم بکەنەوە."
 
رۆژی هەینی 16-08-2024 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردەوە، "ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە 17-08-2024 سەردانی ئیسرائیل دەکات. مەبەستی سەردانەکەی بلینکن، گفتوگۆیە لەبارەی دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان، بە پەشتبەستن بەو پێشنیازەی ئەمریکا بۆ ئاگربەست کردوویەتی و لەلایەن میسر و قەتەرەوە پشتگیری لێ دەکرێت."
 
وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوە کردووە "ئەو پێشنیازەی هەیە دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی ئاگربەست لە غەززە، ئازادکردنی بارمتەکان، ناردنی هاوکاری مرۆیی بۆ غەززە و بەدەستهێنانی سەقامگیری لە تەواوی ناوچەکە. وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە سەردانەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت هەموو لایەنەکانی ناوچەکە رێگە لە زیادبوونی هەر تەنگژە و گرژییەک بگرن کە ببێتە هۆی پەکخستنی رێککەوتن". 
 
رۆژی 27-05-2024 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازێکی بۆ ئاگربەستی غەززە خستەڕوو. پێشنیازەکەی بایدن لە سێ قۆناخ پێکدێت و بە ئاگربەستێکی 6 هەفتەیی دەستپێدەکات کە لەو ماوەیەدا هێزەکانی ئیسرائیل لەو شوێنانەی غەززە دەکشێنەوە کە خەڵکی غەززەی لێیە. هەر لەو ماوەیەدا، ناردنی یارمەتیی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە زیاتر دەکرێت و حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی لایەنەکانی دیکە، درێژە بە دانوستاندن لەسەر ئاگربەستی هەمیشەیی دەدەن.
 
رۆژانی پێنجشەممە و هەینی ئەم هەفتەیە، نێوەندگیرانی ئەمریکی، میسری و قەتەری لە دەوحە بە ئامادەبوونی شاندی ئیسرائیل گفتوگۆی ئاگربەستیان کرد. بەرپرسانی میسری و قەتەری هەڵگری پەیامی حەماس بوون.
 
رۆژی هەینی سێ وڵاتە نێوەندگیرەکە لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا دانوستاندنەکانیان بە "جیدی و بونیادنەر" ناوبرد و باسیان لەوە کرد کە پێش کۆتایی هەفتەی داهاتوو جارێکی دیکە لە قاهیرە کۆدەبنەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە