رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی فەرەنسا، بە تۆمەتی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، بڕیاری دەستگیرکردن بۆ سەرۆکی سووریا و برایەکی و دوو لە فەرماندەی سوپای سووریا دەردەکات. یەکێک لە تۆمەتەکان، هێرشی کیمیاییە بۆ سەر دوو شارۆچکەی نزیک لە شاری دیمەشقی پایتەخت لە ساڵی 2013دا.
رۆژی چوارشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2023، دوو لە پارێزەرانی قوربانییانی ئەو هێرشانەی سوپای سووریا، رایانگەیاند، حکومەتی فەرەنسا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لە بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا، ماهیر ئەسەد، فەرماندەی فەیلەقی چواری سوپای سووریا، هەروەها هەردوو فەرماندەی سەربازی سوپای سووریا غەسان عەباس و بەسام حەسەن دەرکردووە، بەتۆمەتی ئەوەی دەستیان هەبووە لە چەندین تاوانی دژی مرۆڤایەتی دژ بە خەڵکی سووریا.
ژان سولزار و کلێمێنس ویت کە دوو پارێزەری فەرەنسین و بریکاری قوربانییانی هێرشەکانی سووریان، ئەو بڕیارەی حکومەتی فەرەنسایان بە "هەنگاوێکی گەورە و گرنگ" ناوبرد.
سولزار رایگەیاند، "ئەوە خاڵی وەچەرخانە و هەنگاوێکی ئەرێنییە لەپێناو دیارییکردنی ئەوانەی ئەو تاوانانەیان کردووە."
تائێستا حکومەتی فەرەنسا لێدوانی لەبارەی ئەو بڕیارە نەداوە. بەگوێرەی یاسای فەرەنسی، بڕیاری دەستگیرکردن بە نهێنی دەمێنێتەوە تاوەکو پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەسەر کەیسەکان کۆتایی دێت.
هەروەها ئەو پارێزەرە فەرەنسییە دەڵێت، "لەڕووی یاساییەوە، ئەمە پرۆسەیەکی لێکۆڵینەوەیە لە هێرشەکانی ساڵی 2013ـی شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی غوتە و دوما. بەڵام ئەو چوار کەسەی ناویان هێنراوە بۆ بڕیاری دەستگیرکردن، دەکرێت لەلایەن دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاری دەستگیرکردنیان بدرێت و بۆ لێکۆڵینەوە بهێنرێنە فەرەنسا."
ئەو هێرشەی باسی لێوەدەکرێت، لە 21ـی ئابی 2013 روویدا و بەهۆی ئەو دوو هێرشەوە زیاتر لە هەزار کەس کوژران و بە هەزارانی دیکەش برینداربوون.
لێکۆڵینەوە لەو دوو هێرشە کیمیاییە، بەگوێرەی یاسایی نێودەوڵەتی و بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی لەلایەن دادگەی دادی پاریسەوە کراوە و پرۆسەکە لە ئاداری 2021 دەستیپێکرد، ئەمەش لەدوای تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن ژمارەیەک لە رزگاربووی ئەو دوو هێرشە کە ئەوانیش لەلایەن سەنتەری سووریا بۆ میدیا و ئازادی رادەربڕین پشتگیری کران بۆ تۆمارکردنی سکاڵاکە.
مازن دەروێش، سەرۆکی ئەو سەنتەرە لەبارەی بڕیارەکەی حکومەتی فەرەنساوە، دەڵێت، "ئەمە سەرکەوتنە بۆ قوربانییان و کەسوکاریان."
هێرشەکان لە 21ـی ئابی 2013 کران، حکومەتی ئەسەد لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە تۆمەتبار کرا بەوەی گازی سارینی لەدژی دانیشتووانی رۆژهەڵاتی غوتە و دوما بەکارهێناوە، کە ئەوکات هەردوو ناوچەکە لەلایەن گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی حکومەتی سووریاوە کۆنترۆڵ کرابوو.
بەڵام حکومەتی سووریا و هاوپەیمانەکانیان ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە و رایانگەیاند، ئەو هێرشانە لەلایەن گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان خۆیان کراوە، تاوەکو پاساو بۆ دەستوەردانی سەربازی بیانی دروست بکەن.
لە دوای هێرشەکانیش، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەڕەشەی دەستوەردانی سەربازی کرد و باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا رایگەیاند، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ئەسەد بۆ ئەمریکا "هێڵی سوورە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ