رووداو دیجیتاڵ
کەسوکاری قوربانییانی هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە لەبەردەم نەخۆشخانەکان مۆبایلەکانیان بارگاوی دەکەن، بەهۆی ئەوەی نزیکەی هەفتەیەکە کەرتی غەززە کارەبای نییە.
رامی ئەبو حوسنی، هاووڵاتیێکی فەلەستینیە، دەڵێ "دۆخەکە زۆر خراپە و بڕوا ناکەی چۆنە. دوایین شوێن بۆ خەڵکەکە، نەخۆشخانەکانە کە هێشتا کارەبایان هەیە تاوەکو مۆبایلەکانیانی تێدا بارگاوی بکەن و لایتی مۆبایلەکانیان بەکاربهێنن و ماڵەکانیان پێ رووناک بکەنەوە."
غەززەییەکان بە دەست نەبوونی ئاویشەوە دەناڵێنن.
ئولفەت مەنسی دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەوە بەشی زۆری ئەندامانی خێزانەکەی و کەسانی نزیکی لەدەستدا و ئێستا لە شوێنێکی دوورەدەستدا دەژی، ناچارە بە گوێدرێژ ئاوی پاک بگوازێتەوە.
ئولفەت مەنسی، هاووڵاتی فەلەستینی گوتی "ئێمە، لە ماڵی مامم خۆمان حەشاردابوو، بەڵام خانووەکە بەسەرماندا داڕما و 37 کەسمان لێ کوژران. هیچ شتێکمان نەما. نەچووینە قوتابخانەکان تاوەکو لەوێ بمێنینەوە، چونکە زۆر قەرباڵخ بوون، پاکوخاوێنیش نەبوون".
لە حەوتی تشرینی یەکەمەوە بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەستیپێکردووە و تائێستا زیاتر لە هەزار و 300 باڵەخانەی کەرتەکە وێران بوون یان زیانیان بەرکەوتووە.
11ی تشرینی یەکەم، سوپای ئیسرائیل داوای لە دانیشتووانی باکووری غەززە کرد ناوچەکەیان جێبهێڵن و بەرەو باشوور بڕۆن، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشی زەوینیی چاوەڕوانکراوی ئیسرائیل بۆ نێو غەززە، کە تائێستا زیاتر لە 423 هەزار کەس لێیەوە ئاوارەبوون.


