ئەمڕۆ دانوستاندنەکانی ئاگربەستی غەززە دەستپێدەکەنەوە؛ حەماس بەشداری ناکات

15-08-2024
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

شاری دۆحەی پایتەختی قەتەر، میوانداریی گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکانی تایبەت بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە دەکات، ئەمریکاش هیوادارە گفتوگۆکان ببنە دەرفەتێک بۆ راگرتنی هێرشی چاوەڕوانکراوی ئێران و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ئیسرائیل.
 
ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 15ـی ئابی 2024) نوێنەرانی ئەمریکا، قەتەر و میسر لە دۆحە کۆدەبنەوە، چەند رۆژێک پێش ئەو کۆبوونەوەیە بانگهێشتی نوێنەرانی ئیسرائیل و حەماسیان کرد بۆ بەشداریکردنی لە گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان بەمەبەستی گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە و راگرتنی ئەو جەنگەی، بەگوێرەی بەرپرسانی تەندروستیی غەززە، تائێستا بووەتە هۆی کوژرانی 40 هەزار فەلەستینی. 
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، ولیەم بێرنس، بەڕێوەبەری دەزگەی هەواڵگریی ئەمریکا (CIA)، بەشداری لە دانوستاندنەکانی دۆحە دەکات و ئیسرائیلیش رایگەیاندووە بەشداری گفتوگۆکان دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێک رەوانە دەکات، بەڵام حەماس رەتیکردووەتەوە بەشداری لەو گفتوگۆیانەدا بکات، هەرچەندە ئاماژەی بەوە کردووە، لەدوای کۆبوونەوەکان، بە جیا لەگەڵ لایەنەکانی دانوستاندنکار قسە دەکات. 
 
بەرپرسانی حەماس رایانگەیاندووە، پێویستە بەزووترین کات پلانی ئاگربەستەکەی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا، کە لە 31ـی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، پەسند کرا، راستەوخۆ جێبەجێ بکرێت، نەوەک گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکرێت. 
 
پلانەکەی بایدن، لە سێ قۆناخ پێکدێت، قۆناخی یەکەم شەش هەفتەیە، تێیدا ئاگربەستێکی کاتی رادەگەیێندرێت و هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەی خەڵکی غەززەی لێ نیشتەجێن، دەکشێنەوە. لە ماوەی ئەو شەش هەفتەیەدا، ئیسرائیل و حەماس گفتوگۆ دەکەن بۆ ئەوەی بچنە قۆناخی دووەم. ئەگەر گفتوگۆکان کاتی زیاتریان ویست، ئاگربەستی کاتی هەر بەردەوام دەبێت. 
 
لە قۆناخی دووەمدا ئاگربەستی هەمیشەیی رادەگەیێندرێت و هەموو بارمتەکان ئازاد دەکرێن. لە قۆناخی سێیەمیشدا، پلانی بنیاتنانەوەی غەززە بە هاوکاریی وڵاتە عەرەبییەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دادەنرێت. 
 
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەڕێگەی تەلەفۆنەوە قسەی لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە کردووە و پێیڕاگەیاندوون، گەیشتن بە ئاگربەست "هەنگاوێکی گرنگ دەبێت و پێویستە هەمووان هاوکار بن بۆ گەیشتن بەو ئاگربەستە و پەرەسەندنی گرژییەکان لەبەرژەوەندیی هیچ لایەک نییە." 
 
دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان لەکاتێکدایە ناوچەکە بەنێو ئاڵۆزیی زیاتر و ئەگەری هێرشی ئێران و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر ئیسرائیل تێدەپەڕێت، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەیەک لە بەرامبەر کوشتنی ئیسماعیل هەنییە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی حەماس لە 31ـی تەممووزی رابردوو لە تاران. 
 
ئێران و هاوپەیمانەکانی، ئیسرائیل تۆمەتبار دەکەن، بەوەی ئیسرائیل بەرپرسیارە لەو کوشتنە و بەڵێنی تۆڵەکردنەوەیان لە ئیسرائیل داوە، ئەمەش مەترسی تەشەنەسەندنی ئاگری جەنگی غەززەی بە تەواوی ناوچەکەدا زیاتر کردووە.
 
لە چەند رۆژی رابردوودا، بەرپرسانی وڵاتانی رۆژئاوا داوایان لە ئێران کردووە، خۆی بەدووربگرێت لە ‌هێرشکردنە سەر ئیسرائیل. یەکێک لەوانە بایدن بوو، کاتێک لەبەردەم کۆشکی سپی رۆژنامەڤانان پرسیاریان لێکرد؛ ئایا راگرتنی جەنگی غەززە، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل رادەگرێت و بایدنی لە وەڵامدا گوتی "ئەوە چاوەڕوانییەکەمە."
 
بەڵام، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، داواکارییەکانی وڵاتانی رۆژئاوای بۆ ‌هێورکردنەوەی دۆخەکەی رەتکردەوە. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە