نەتەنیاهوو: حیزبوڵڵا 10 هەزار مووشەکی تێگرتووین

26 خولەک له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی نوێدا دەڵێت، لە ساڵی پارەوە حیزبوڵڵا زیاتر لە 10 هەزار مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە. ئەو هەروەها ئەو تۆمەتە رەتدەکاتەوە کە گوایە سوپای ئیسرائیل بە ئەنقەست هێرشی کردبێتە سەر هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ داوایان لێدەکات بۆ ماوەیەکی کاتی لە ناوچەی شەڕ دووربکەونەوە. 
 
شەوی دووشەممە، 14-10-2024، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ساڵی پێشوو لە 8ـی تشرینی یەکەم، حیزبوڵڵا لەخۆڕا و بەبێ هیچ هۆکارێک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، ئەمەش واتا رۆژێک لە دوای کۆمەڵکوژییەکەی حەماس. لەوکاتەوە حیزبوڵڵا درێژەی بە هێرشەکانی داوە و زیاتر لە 10 هەزار رۆکێت و مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کردووە.
 
رۆژێک دوای هەڵگیرسانی جەنگی غەززە لەگەڵ ئیسرائیل؛ حیزبوڵڵای لوبنان بە شێوەیەکی سنووردار چووە نێو جەنگی دژی ئیسرائیل؛ بەڵام 23ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ، شەڕەکەیان تووندتر و خوێناویتر بوو.
 
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، ئەو تۆمەتەی کە گوایە ئیسرائیل لە خۆڕا هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی یونیفیڵ (هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان)، بە تەواوی ناڕاستە و "رێک پێچەوانەکەیەتی. ئیسرائیل بەردەوام داوای لە هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لە ناوچە مەترسیدارەکان دووربکەونەوە."
 
بەگوتەی خۆی، ئەو رۆژەی ئیسرائیل دەستی بە ئۆپەراسیۆنی زەوینی کرد لەسەر سنووری لوبنان، "ئێمە بە دیاریکراوی بەو هێزەمان گوت: تکایە لەو ناوچەیە دووربکەونەوە بۆ ئەوەی زیانتان پێنەگات. شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نییە. شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ گەلی لوبنان نییە، بەڵکو لەگەڵ حیزبوڵڵای سەر بە ئێرانە، کە خاکی لوبنانییەکان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی هێرشبکاتە سەر ئیسرائیل."
 
نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوە کرد، حیزبوڵڵا دامەزراوە و پێگەکانی یونیفیڵ وەک قەڵخانێک بەکاردەهێنێت کاتێک هێرش دەکاتە سەر شار و کۆمەڵگەکانی ئیسرائیل.
 
رۆژی یەکشەممە، 13-10-2024، نووسینگەی جۆرجیا میلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا بڵاویکردەوە: "لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل؛ جەختی لەوەکردەوە کە قبووڵنەکراوە هێزەکانی ئیسرائیل هێرشبکەنە سەر هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان."
 
لانیکەم پێنج سەربازی هێزەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری لوبنان برینداربوون. لەلایەکی دیکە، هێزەکانی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە UNIFIL بڵاویانکردەوە کە ئیسرائیل  بە ئەنقەست" هێرشی کردووەتە سەریان.
 
هێزی ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیفیڵ) کە لە ساڵی 2006ـەوە بەدرێژایی سنوور جێگیرکراون، ئێستا خۆی لە دۆخێکی خراپدا دەبینێتەوە. 
 
پێشتر سوپای ئیسرائیل داوای لە یونیفیڵ کردبوو، پێگەکانی چۆڵبکات و 5 کیلۆمەتر بکشێتەوە دواوە، بەڵام هێزەکە داواکەی رەتکردەوە و رایگەیاند، شوینەکەیان چۆڵ ناکەن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی شوێنی هێرشە درۆنییەکە و گواستنەوەی برینداران

میدیای ئیسرائیل: لە هێرشێکی حیزبوڵڵادا بۆ سەر شاری حەیفا 67 کەس برینداربوون

میدیای ئیسرائیل دەڵێت، حیزبوڵڵا بە درۆن هێرشی کردە سەر شاری حەیفا، بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل نەیتوانی بەرپەرچی بداتەوە و 67 کەس برینداربوون. دۆخی 9 لە بریندارەکان جێگیر نییە. رادیۆی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: "سێ کەس کوژراون."