رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر بڵاویکردەوە، وەڵامیان لە گرووپە چەکدارەکانی کەرتی غەززەوە بۆ پێشنیازی سەرۆکی ئەمریکا بۆ ئاگربەست بەدەستگەیشتووە.
رۆژی سێشەممە، 11ی حوزەیرانی 2024، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند: "قەتەر و میسر رایدەگەیێنن کە ئەمڕۆ وەڵامێکیان لە بزووتنەوەی حەماس و گرووپە چەکدارەکانی فەڵەستین لەبارەی دواین پێشنیازی ئاگربەست و ئاڵوگۆڕکردنی زیندانی و بارمتەکانەوە بەدەست گەیشتووە."
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە: "هەردوولا پشتڕاستی دەکەنەوە کە هەوڵە نێوەندگیرییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام دەبن تاوەکو دەگەن بە رێککەوتن و وڵاتانی نێوەندگیر هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتووەوە دەکەن."
هاوکات، جۆن کێربی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند: "وەڵامەکەمان بەدەستگەیشتووە و تیمەکەشمان پێیدادەچنەوە." ئەمە بەبێ ئاشکراکردنی وردەکارییەکەی.
رۆژی 31ی ئایاری ئەم ساڵ، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا پلانێکی بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس راگەیاند. پلانەکە لە سێ قۆناخ پێکدێت.
قۆناخی یەکەمدا بریتییە لە ئاگربەستێکی شەش هەفتەیی کە تێیدا بارمتە ژن، منداڵ و نەخۆشەکان ئازادبکرێن، "سەدان" زیندانی فەڵەستینی لەلایەن تەلئەڤیڤەوە ئازادبکرێن، سوپای ئیسرائیل لە شارەکان بکشێتەوە و رۆژانەش 600 بارهەڵگر هاوکاری مرۆیی بگاتە کەرتی غەززە.
لە قۆناخی دووەمدا، جەنگ بە تەواوی کۆتاییبێت، سوپا بە تەواوی لە کەرتی غەززە بکشێتەوە و هەموو ئەو بارمتانەی ماون ئازادبکرێن.
قۆناخی سێیەمیش بریتییە لە داڕشتنی پلانێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە لە سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا و دامەزراندنی حکومەتێک لەو بەشەی فەڵەستین کە حەماس هیچ رۆڵێکی تێدا نەبێت.
248 رۆژە جەنگی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامە. هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ راگەیاندنی ئاگربەست تاوەکو ئێستا سەرکەوتوو نەبوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ